لاهور شێخ جەنگی‌ بەڵێنی هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری بە سەربەخۆ فرۆشتنی نەوت دەدات

لاهور شێخ جەنگی‌ ڕایگەیاند لەخولی‌ چوارەمی‌ پەرلەمانی‌ عیراقدا یەكێتیی كاردەكات بۆ ئەوەی‌ هەرچی‌ شایستەی‌ دارایی هەیە بۆ خەڵكی‌ هەرێمی‌ بگەڕێنێتەوە، دەشڵێت"تەواوی‌ نەوتی‌ كوردستان ڕادەستی‌ عیراق دەكەین بۆ ئەوەی‌ قوتی‌ خەڵك نەكەین بەقوربانی‌ سیاسەتی‌ ئابوری بەناو سەربەخۆ".

لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاریی/ زانیاری هەرێم لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ڕادیۆی "كوردسات نیوز" ڕایگەیاند، "وەكو فراكسیۆنی یەكێتیی لەخولی داهاتوی پەرلەمانی عیراق كار بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو ڕێكەوتنە هەڵانەی هەرێم دەكەین كە لەبەغدا كراوە، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری سەربەخۆی فرۆشتنی نەوت، ئەوەش لەپێناوی چاككردنی موچەو بژێوی خەڵك و قوتی‌ خەڵك".

وتیشی "وەكو یەكێتیی جەخت لەسەر فرۆشتنی نەوت لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆی‌ عیراقی‌ دەكەینەوە بۆ زامنكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم".

لەبارەی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان، لاهور شێخ جەنگی ڕایگەیاند، "ئەگەر كورد دەنگێكی زۆر لەو ناوچانە بهێنێت، ئەوە حكومەتی بەغدا ناچاردەبێت ملكەچ بێت بەگەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانەو بەڕێوەبردنی بەهاوبەشی لەگەڵ هێزە ئەمنیەكانی عیراق، بەڵام ئەو پرسە دەكەوێتە دوای هەڵبژاردنەوە".

ئەوەشی‌ ڕونكردەوە، "دەبێت كاری سەرەكی پەرلەمانتارانی كورد لەبەغدا بریتیی بێت لەجێبەجێكردنی مادەی 140 كە دەبێتە هۆی چارەسەركردنی كێشەی خاكی هەرێم لەگەڵ بەغدا".

سەبارەت بەپۆستی پارێزگاری كەركوك بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاریی/زانیاری هەرێم وتی "گلەیی لەعەرەب و توركمانەكان ناكەین، بەڵكو ئەوە پارتی و ئەو هێزانەی كە دوای كڵاوی با بردوی‌ پارتی‌ كەوتون هۆكارن بۆ دیارینەكردنی پارێزگاری نوێی كەركوك، ئەگەر پارێزگارێكی كورد دەستبەكاربوایە، ئەوە بەشێكی زۆری كێشەكانی شارەكە چارەسەردەبوو".




PM:12:18:06/05/2018