ترەمپ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کشانەوەی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنامەی ئەتۆمی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێراندا ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەشکرد توندترین سزا بەسەر حکومەتی ئێراندا دەسەپێنن.

سەرۆکی ئەمریکا لە وتەیەکدا لە کۆشکی سپی کشانەوەی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێراندا ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد پێویستە هەڵسوکەوتە "پیسەکان"ی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕابگیرێت.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، گەمارۆکانمان کە بەسەر ئێراندا دەسەپێنرێن، ولاتانی دیکەش دەگرێتەوە کە دەستیان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا تێکەڵکردووە، وتیشی "ئەو ڕێککەوتنەی کە لەگەڵ ئێراندا ئیمزاکرابوو، ڕێگەی دا بە تاران کە لەسەر پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم بەردەوام بێت".

لە بەشێکی تری وتەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، ڕێککەوتنەکە بواری دا بە ئێران ملیۆنان دۆلار داهات بۆخۆی کۆبکاتەوە، بەڵام لە ناوخۆیی وڵاتەکەیدا بەکاری نەهێنێت.

سەرۆکی ئەمریکا ڕوونیکردەوە لە دوای ڕێککەوتنەکەوە داهاتی ئێران لە ٤٠% زیادیکردووە و کاریکردووە لەسەر دروستکردنی موشەکی ئەتۆمی و دروستکردنی ئاڵۆزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ترەمپ جەختیکردەوە ئێران لەڕێگەی ڕێککەوتنەکەوە دەتوانێت لە ماوەیەکی کەمدا چەکی ئەتۆمی دروستبکات.

هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێککەوتنەکە نەبووەتە هۆی سنوردارکردنی چالاکییەکانی ئێران، بەڵکو بەردەوام بووە لە دروستکردنی ئاڵۆزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پشتیوانی لە ڕێکخراوە "تیرۆریستییەکان".

سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی تری وتەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، بە چوونە دەرەوەیان لە ڕێککەوتنەکە لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان گفتوگۆ دەکەن بۆ چارەسەرێکی هەمەلایەنە و بەردەوام.

باسی لەوەشکرد وا پێویست بوو کە ڕێککەوتنەکە بنیاتنەرانە بێت، بەڵام ئەوە ڕووی نەدا و ئەمڕۆ بەڵگەی حاشاهەڵنەگریان لەبەر دەستدایە کە بەڵێنەکانی ئێران درۆبوون و ڕێککەوتنەکە مەترسیدار بووە و نابێتە مایەی بەرپابوونی ئاشتی و ئارامی .



PM:10:08:08/05/2018