یەپەگە کوژرانی ژمارەیەک سەربازی تورکیای ڕاگەیاند

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەپەگە ڕایگەیاند، لە ماوەی نۆ ڕۆژدا لە عەفرین ١٥ سەربازی تورکیا لەلایەن شەڕڤانانەوە کوژراون.

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەپەگە ڕایشیگەیاندووە، چالاکی شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە لە چوارچێوەی قۆناغی دووەمی بەرگری لە عەفرین بەردەوامە و ڕۆژانە چالاکی دژ بە سوپای تورکیا ئەنجامدەدەن.

ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە لە ٢٩ی نیسانەوە هەتا ٨ی ئایار ژمارەیەکی زۆر چالاکییان دژ بە سوپای تورکیا ئەنجامداوە، لە ئاکامی ئەو چالاکییانەشدا ١٥ سەربازی تورکیا کوژراون و پێنجی تریش برینداربوون.

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەپەگە ڕاشیگەیاندووە ژمارەی کوژراوانی سوپای تورکیا و گروپی چەکدارە هاوپەیمانەکان لە سەرەتای شەڕی شەڕڤانان و سوپای تورکیاوە گەیشتووەتە دوو هەزار و ٤٣٦ کەس.

هاوکات لە ٢٠ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا سوپای تورکیا و گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی هێرشیانکردە سەر شاری عەفرین و پاش نزیکەی دوو مانگ لە بەرگریکردن لە شارەکە لەلایەن شەڕڤانانەوە سەرئەنجام ڕۆژی ١٩ی ئازار سوپای تورکیا توانی بچێتە ناو شارەکە و بەوهۆیەوەشەوە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار هاوڵاتی ئاوارەی ناوچەکانی دەوروبەری عەفرین بوون.



PM:02:26:11/05/2018