بارزانی و موقتەدا سەدر پەیوەندییەکی تەلەفونیان ئەنجامدا

مەسعود بارزانی سرۆکی پارتی دیموکراتی کورستان و نێچێرڤان بارزانی جێگری، بە مەبەستی پیرۆزبایی کردن بە بۆنەی سەرکەوتن و بە دەستهێنانی زۆرینەی دەنگ لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان لەگەڵ موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر ئەنجامدا.

نووسینگەی موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی سەدر، لە راگیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە "بەڕێز مەسعود بارزانی و بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و سەرکەوتنی هاوپەیمانی سائیروونیان لە بەرێز موقتەدا سەدر کردووە".

ئەوەش هاتووە، لە بەرامبەردا سەماحەتی موقتەدا سەدر، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو پەیوەندیە تەلەفۆنییە دەربڕیوەو  ئاماژەی بەوەداوە، کەلە خودا دەپاڕێینەوە پەیوەندی برایانەی گەلی عێراق بەتین بکات و خۆشەویستی لەنێوان سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق بچەسپێنێت.

بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، کە لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بڵاوکراوەتەوە، لیستی سائیروون کە موقتەدا سەدر سەرۆکایەتی دەکات زۆرترین دەنگی لە عێراق بەدەستهێناوە.

هەروەها لە هەرێمی کوردستانیش لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان کە مەسعود بارزانی، سەرۆکایەتی دەکات، زۆرترین دەنگی  بەدەستهێناوە.


PM:04:11:15/05/2018