یەکێتی و پارتی لەبەغدا بەناکۆکیەوە دەرکەوتن

یەکێتی و پارتی لە چوونیاندا بۆ بەغدا بە جیا چوون و لەیەکەم کۆنگرەی رۆژنامەرگەریشیاندا لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار ناکۆکیەکانیان دەرکەوت.

دوو رۆژە وەفدی پارتی بەسەرۆکایەتی فازل میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەبەغدایە، ئەمڕۆش وەفدی یەکێتی بەسەرۆکایەتی مەلا بەختیار گەیشتە بەغدا دوای چەندین دیدار کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری و راگۆڕینەوەیان سازدا، لەیەکەم کۆنگرەی رۆژنامگەری نێوانیان کە خالید شوانی و خەسرەو گۆران سازیان کرد، خالید شوانی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە"پۆستی سەرۆک کۆمار ئیستحقاقی یەکێتییە" ، هاوکات خەسرەو گۆرانیش ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەوان هاتوون بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ دۆخەکە بکەن".

خالید شوانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا وتی "پێمانوایە ئەو پۆستە ( پۆستی سەرۆک کۆمار )پشکی یەکێتییە، دواتریش لەبارەی ئەم پرسە لەگەڵ برادەرانی دیکە قسە دەکەین".

خالید شوانی وتیشی " پێویستە هەرێمی کوردستان بەپێی قورسایی خۆی نوێنەرایەتییەکی هەبێت و پەرە بە دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکان بدات، بەتایبەتی ئێمە کۆمەڵێک کێشەی زۆرمان هەن لەگەڵ بەغدا کە تاوەکو ئێستا چارەسەرنەکراون، پێویستە بەپێی ئەجێندایەکی کوردانە کە ئەجێندای هەموو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بێت، بێین لێرە داکۆکی لە داواکانی خەڵکی کوردستان بکەین، کە بریتین لە چارەسەرکردنی کێشەکان و هەندێک پرسی دیکەی پەیوەست بە کوردستان".

خسرەو گۆران ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی لەو کۆنگرەیەدا وتی " ئێمە لەگەڵ ئەوەین تیمی کوردستان بە یەکڕیز و یەکدەنگ لەگەڵ بەغدا قسە بکات. پەرتەوازەییەک هەیە لە بەغدا، ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ دۆخەکە بکەین، دەگەڕێینەوە کوردستان، ئەوکاتە سەرکردایەتی سیاسی پارتیمان و لایەنەکانی دیکە ئاگاداردەکەینەوە، هەوڵێک هەیە کە ماڵی کورد هەمووی بە یەک تیمەوە لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکات، چونکە دۆخەکە زۆر ئاڵۆزە، لە بەغدا چەندین بۆچوون هەن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، دەبێت ئێمە بە باشترین شێوە ئەم دۆخە لە خزمەتی خەڵکی کوردستان و ئامانجەکانی بقۆزینەوە".

وەفدی ئەو دوو لایەنەو نەوەی نوێ لەبەغدان، هەرچی وەفدی چوار لایەنی گۆڕان و کۆمەڵ و هاوپەیمانی و یەکگرتووە، تا ئێستا ئەنجامی هەڵبژاردن رەتدەکەنەوە.



PM:05:34:23/05/2018