دادگای نێودەوڵەتی پاریس ئەردۆغانی بە تاوانبار لەقەڵەمدا

دادگای نێودەوڵەتیی پاریس حکومەتی تورکیا و ئەردۆغانی بە تاوانبار دژی کوردانی باکور لەقەڵەم دا.

دادگای نێودەوڵەتیی پاریس لە ڕۆژانی ١٥ و ١٦ی ئازاردا دانیشتنێکی بۆ دادگاییکردنی تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا لە جزیرە، سوور، شرناخ و نسێبین ئەنجامدا، ئەمڕۆ بڕیاری کۆتایی ڕاگەیاند و تورکیای بە تاوانبار لەقەڵەمدا.

ئەو دادگایە بڕیاری داوە، کە کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیا لە شارە کوردییەکانی وەک جزیر، شرناخم نسێبین و سوور کە لە ٢٠١٥ وە بۆ ٢٠١٧ ئەنجامدراون، تاوانی دژی گەلی کورد بوون، هەروەها بڕیاردرا کە دەوڵەتی تورکیا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا وەک بەرپرسیاری سەرەکیی ئەو تاوانانە بناسرێت.

ئەوهش ڕاگەیەندراوە کە دەوڵەتی تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٣ وە تا ئێستا لە ناوخۆی تورکیا و دەرەوەی وڵات لەدژی ئەندامانی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد تاوانی ئەنجامداوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە دەوڵەتی تورکیا سەرچاوەی پرسە ناوخۆکانی تورکیا، کە قبوڵکردنی هەبوونی گەلی کوردە ڕەتدەکاتەوە، ئەوەش بە ئاستەنگ دروستکردن لە بەردەم مافی ئەو گەلە بۆ دیاری کردنی چارەنووسی خۆی ئەنجام دەدات.

جەختیش لەوەکراوەتەوە کە نکۆڵیکردنی دەوڵەتی تورکیا لە مافەکانی گەلی کورد وایکردووە، کە ئەو گەلە ئیرادەی خۆی لە خەباتی چەکداریی پەکەکەدا ڕێکبخات.

ئەووەش خرایە روو، کە دەوڵەتی تورکیا بەرپرسیارە لە تەقینەوە لە میتینگی هەدەپەدا کە لە ڕۆژی ٥ی حوزەیرانی ٢٠١٥ ڕوویدا، هەروەها بەرپرسیارە لە تەقینەوەی ٢٠ی تەموزی ٢٠١٥ لە پرسووس و ١٠-١٠-٢٠١٥ش لە ئەنقەرە، لە ئابی ٢٠١٥ وە بۆ مانگی ١ی ٢٠١٨، ٢٨٩ کەس کوژراون و لە ئەنجامی قەدەغەی هاتووچۆ بۆ سەر ١١ شار و ٤٩ شارۆچکەی تورکیا ملیۆنێک و هەشت سەد هەزار هاوڵاتی لە مافەکانیان بێبەشکراون.

لە بەردەوامیی بڕیارەکانی دادگادا هاتووە، کە دەوڵەتی تورکیا تاوانی شەڕی لەدژی گەلی کورد ئەنجامداوە و ئەردۆغانیش بەرپرسی سەرەکییە بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانانە.



PM:04:48:24/05/2018