چوار لایەنەکە: کۆمیسۆنی سلێمانی وێنەی کارتی دەنگدان ناداتەوە بە نوێنەرەکانمان

هەریەک لە گۆڕان و هاوپەیمانی و کۆمەڵ و  یەکگرتوو  ڕایانگەیاندووە، ماوەی دوو ڕۆژە ئۆفیسی پارێزگای سلێمانی لەڕێگای نێردراوەکەیەوە بۆ بەغداد، وێنەی کارتی دەنگدانەکانی بە ئەلکترۆنی و لەسەر "هارد دیسک" وەرگرتووە بەڵام نایدات بە نوێنەری لایەنە سیاسییەکان.

ئەو چوار لایەنە سیاسییەی هەرێم لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاندووە، "دوابەدوای بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، لەژێر فشاری لایەنە سیاسییەکان و دەزگا پەیوەندیدارەکان بە پێدانی وێنەی ئەلکترۆنی کارتی دەنگدان بە لایەنە سیاسییەکان، بۆ دڵنیابوون و بەراوردکاری ئەنجامە ڕاگەیەندراوەکانی کۆمسیۆن و کەشفکردنی تەزویر و ساختەکاری".

لە بەیاننامەکەدا هاتووە "ماوەی دوو ڕۆژە ئۆفیسی پارێزگای سلێمانی لەڕێگای نێردراوەکەیەوە بۆ بەغداد، وێنەی کارتی دەنگدانەکانی بە ئەلکترۆنی و لەسەر (هارد دیسک) وەرگرتووە، بەڵام بە بیانووی جیاواز جیاواز و بە هۆکاری نادیار دەستی دەستی بە نوێنەری لایەنەکان دەکات، ئەمەش ئەو ڕاستییە دەخاتە بەردەم لایەنەکان کە هەوڵەکان لەپێناو نەگەیشتنی وێنەی ئەلیکترۆنی کارتی دەنگدان، بۆ دەستکاریکردنیانە و هەوڵێکی جدییە بۆ شاردنەوەی ساختەکارییەکان".

گۆڕان و هاوپەیمانی و کۆمەڵ و  یەکگرتوو  ڕاشیانگەیاندووە، " ئەم هەوڵانە لە چوارچێوەی پلان بۆ داڕێژراوی ساختەکردنی سەرجەم بەڵگە و دیکۆمێنتەکانی کۆمسیۆنە، کە تایبەتە بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەروەها کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش بە بەرپرسیار دەزانین لە بێدەنگبونیان لە ئاست پێشێلکارییەکان".

ئەمەش لەکاتێکدایە لەدوای ئاشکراکردنى ئەنجامەکانى هەڵبژاردن ئەو چوار لایەنە ڕایانگەیاند، ساختەکاری کراوە و دەستکاری دەنگەکان کراوە دواتریش داوای وێنەی کارتی دەنگدانى هاوڵاتیانیان کرد کە بە شێوەیەکى ئەلیکترۆنی لەلایەن ئامێرەکانى دەنگدانەوە سکان کراوە.



PM:04:56:25/05/2018