بارەگای سەرەکی حیزبی شیوعی عێراق رووبەرووی هێرش بوەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ ٢٥ ی ئایار لە رێگای دوو مووشەکەوە هێرشکرایە سەر بارەگای سەرەکی حیزبی شیوعی عێراق لە شاری بەغدا.

عەبدولرەحمان فارس، ناسراو بە ئەبو کاروان، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ سپی رایگەیاند" ئەم ئێوارەیە لە رێگای ئاراستەکردنی دوو مووشەکەوە هێرشکراوەتە سەربارەگای حیزبی شیوعی عێراق لەبەغدا".

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەو هێرشە کە کراوەتە سەر بارەگای سەرەکی حیزبی شیوعی عێراق لە " شارع ئەندەلوس " لەبەغدا زیانی زۆری بە بارەگاکە گەیاندووە، بەلآم زیانی گیانی بەدواوە نەبووە.

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعی پێیوایە ئەو هێرشە پەیوەندی بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە هەیە کە حیزبی شیوعی لەنێو هاوپەیمانێتی سائروون توانیوویەتی ئەنجامێکی باش بەدەست بهێنێت.

حیزبی شیوعی عێراق کۆنترین حیزبی عێراقەو لەساڵی ١٩٣٤ ەوە  دروستبووە، حیزبی شیوعی کوردستانیش هەر لەنێو مناڵدانی ئەو حیزبەوە دروستبووەو بە ئێستاشەوە پەیوەندیەکیی باشیان هەیە. 



PM:08:44:25/05/2018