لەسەر نرخی بەنزین بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی رای دەگەیەنێت، لەگەڵ بازرگانەكان گفتوگۆ كراوە بۆ ئەوەی زۆرترین بەنزین هاوردەی شارەكە بكەن بۆ ئەوەی نرخی بەنزین لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دابەزێت.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٩ ی ئایار، سۆران غەفوور بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیداوتی " لەگەڵ تەواوی بازرگانانی سلێمانی ئەوانەی كاری هێنانی بەنزین دەكەن قسە كراوە بۆ ئەوەی زۆرترین بەنزین هاوردەی شارەكە بكەن".
بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی لە دریژەی لێدوانەکەیدا وتیشی "بازرگانان بڕیاریانداوە بەنزینی زۆر بهێنرێتە سلێمانی بۆ ئەوەی بڕەكەی زۆر بێتەوە و نرخەكەیشی دابەزێ".
ئێستا نرخی بەنزین بۆ هەر جۆرێك لە بازاڕدا لە نێوان 25 بۆ 50 دینار بەرزبووەتەوە و پارێزگای سلێمانیش رۆژانە پێویستی بە دوو ملیۆن لیتر بەنزین هەیە.
سۆران غەفوور دووپاتی كردەوە كە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین پێوەندی بە بۆرسەی جیهانی هەیە، سەرباری ئەوەی ئەو بەنزینەی ئێستە لە بازاڕەكانی كوردستان هەیە هەمووی بووەتە بازرگانی و نرخەكەی لەلایەن بازرگانانەوە دیاری دەكرێت.