پنتاگۆن هۆشداریدایە سوریا لە هێرشکردنە سەر هەسەدە

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پنتاگۆن" هۆشداریدایە ڕژێمی سوریا، لە هەر هێرشێک بۆسەر سوپای ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە خاکی سوریا.

کینیس ماکینزی، بەڕێوەبەری دەستەی ئەرکانی هاوبەشی هێزەکانی ئەمریکا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بۆ وەڵامدانەوەی وتەکانی بەشار ئەسەد ڕێکسخت کە هەڕەشەی هێرشکردنە سەر هێزەکانی سوریای دیموکراتی کردبوو.

لەو کۆنگرەیەدا، کینیس ماکینزی وتی، هەر هێرشێک بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان لە سوریا، بە زیان بۆ هەموو لایەکی پەیوەندیدار دەشکێتەوە.

وتیشی، ئەو پرۆسە سەربازییانەی کە ئەمریکا بە هاوکاری هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" لە سوریا ئەنجامیدەدات، هێشتا بەردەوامی هەیە.

لێدوانەکانی ئەو فەرماندەیەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، لە وەڵامی وتەکانی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا دێت، کە هەڕەشەی ئەوەی کردبوو، بە بەکارهێنانی هێز ناوچەکانی ژێر دەستی هەسەدە کۆنتڕۆڵ دەکەن، ئەگەر بە ئاشتییانە ڕادەستی نەکەن.



AM:09:11:01/06/2018