" ١٥٠ هەزار دەنگ لە سلێمانی ساختەی تیاکراوە، سندوقەکان لەدەستێکی ئەمیندا نین"

‌وێنەی رۆژی هەڵبژاردنی دەنگدانی تایبەت لە سلێمانی
لایەنە ناڕزاییەکانی هەڵبژاردن لە پارێزگای سلێمانی ئاشکرای دەکەن کە ١٥٠ هەزار دەنگ لە سنوری پارێزگاکە ساختەی تیا کراوە، هاوکات رایدەگەیەنن کە سندوقی دەنگدان کە لە دوو جێگای سلێمانین، لەدەستێکی ئەمیندا نین.

بەڵێن ئیسماعیل، ئەندامی ژووری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایدەگەیەنێت" سندوقەکانی دەنگدان کە دەنگی راستەقینەی دەنگدەرانی کوردستانیان تێدابوو لە هۆڵ و گەنجینەکانی هوانە و یانەی ئاشتی لەژێر دەستی هێزێکی ئەمنیدان و پارێزراو نین".

ئەو لە درێژەی لێدوانەکەیدا دەڵێ " لەسەرەتای پرۆسەی هەڵبژاردنی (١٢)ی ئایارەوە ئەو هۆڵە رادەستی لیوای یەکی سلێمانی کراوە".

بەڵێن ئیسماعیل، دەشڵێت"ئەو هێزە لە هەموو هەڵبژاردنەکانی دیکەشدا جێگەی گومان بوە لای لایەنە سیاسیەکان و لەم هەڵبژاردنەشدا وەک پێویست هاوکاری کۆمیسیۆن و لایەنە سیاسیەکان نەبوە بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکان بەپێی رێنمایی و رێوشوینەکانی کۆمیسیۆن".

وتیشی"لەوکاتەوە سندوقەکان بە دەنگ و وەرەقەکانی ناویەوە لەژێر دەستی ئەو هێزە و دەسەڵاتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بون، بۆیە پارێزراو نەبوون".

لەلایەکی دیکەوە بێستون ئەحمەد، ئەندامی دامەزراوەی هەڵبژاردنی هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری، دەڵێت"دوای ئەو ساختەکاریانەی بەهۆی ئەو ئامێرە ئەلیکترۆنیانەوە کرا، ئێمە متنانەمان نەماوەی بەوەی ئەو سندوقانەش پارێزراو بن، چونکە ئێستا دەتوانرێت وەرەقەی ناو سندوقەکانیش دەستکاری بکرێن".

ئەوە لەکاتێکدایە کە لەدوای بەڕێوەچونی پرۆسەکەوە لە سلێمانی دو هەزار و (247) سندوقی دەنگدانی گشتی و (191)سندوقی دەنگدانی تایبەت و (120)سندوقی جوڵەی دانیشتوان لەو هۆڵانە هەڵگیراون.

لایەنەکانی گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەرورەی لەسەرەتای راگەیاندنی ئەنجامە بەرایییەکانەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە تەزویرێکی زۆر لەپرۆسەی هەڵبژاردندا کراوە، ئەو لایەنانە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان رەتدەکەنەوەو تانەکانی خۆیان گەیاندۆتە ئەو دادگایەی کە دروستکراوە بۆ تانەکانی کۆمسیۆن و چاوەڕێی وەڵام دەکەنەوە، هاوکات هێما بۆ ئەوە دەکەن کە بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن ناکەن.



AM:09:27:05/06/2018