یەپەگە کشانەوەی ڕاوێژکارە سەربازییەکانی لە منبج ڕاگەیاند

دوای ڕاگەیاندنی نەخشەڕێگای مبنج لە نێوان ئەمریکا و تورکیا یەپەگە کشانەوەی ڕاوێژکارە سەربازییەکانی لە منبج ڕاگەیاند.

یەپەگە لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت " لە چوارچێوەی ستراتیجی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٦ بانگهێشتنامەیەکیان لە ئەنجومەنی سەربازی منبجەوە پێگەیشتبوو، بۆ ئازادکردنی ئەو ناوچەیە لە دەستی داعش، لەو چوارچێوەیەدا و بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکان بە حکومەتی تورکیاشەوە، بەشداربوون لە ئازادکردنی ئەو ناوچەیە".

ڕوونیشیکردووەتەوە، لە دوای ئازادکردنی شارەکە و سەقامگیربوونی ئاسایش، لە ناوەڕاستی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ بەڕێوەبردنی دۆخی ئەمنی ڕادەستی ئەنجومەنی سەربازی منبج کرا و هێزەکانیان لە منبج کشانەوە و ئەوەیان لە ڕاگەیاندنەوە ئاشکراکردبوو.

هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە، لەسەر داوای ئەنجومەنی سەربازیی منبج بەشێک لە ڕاهێنەر و ڕاوێژکارە سەربازییەکانیان ماونەتەوە بەمەبەستی پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ ئەنجومەنەکە لە بواری ڕاهێنانی سەربازی، ئەو پڕۆسەیەش بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تائێستا بەردەوامی هەبووە، ئێستاش کە ئەنجومەنی سەربازیی منبج پێویستی بە ڕاهێنان نەماوە و ڕاهێنەرەکانیان کاری خۆیان تەواوکردووە، سەرکردایەتی یەکینەکانی پاراستنی گەل بڕیاری کشانەوەیانی دا.



PM:03:38:05/06/2018