نرخی بەنزین لە سلێمانی جێگر دەکرێت

سەرۆكی لیژنەی نەوت ‌و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، پارێزگاری سلێمانیان راسپاردووە نرخی بەنزین لە سلێمانی جێگر بكات و لیترێك بەنزین بە 600 دینار بفرۆشرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ی حوزەیران، لەسەر پرسی گرانبوونی بەنزین ‌و خراپیی کوالێتییەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، میوانداری هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگای سلێمانی كرد، لە دوای کۆبونەوەکەش غالب محەمەد، سەرۆكی لیژنەی‌ پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگا لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا كۆنتڕۆڵكردنی‌ كوالێتی‌ بەنزین بكرێت بەتایبەت لەو شوێنانەی‌ كە دێتە هەرێمی كوردستان، هەروەها سزای‌ توندی‌ ئەو بەنزینخانانەش بدرێت كە سەر پێچی دەكەن.

وتیشی،"دەرگا واڵاکراوە بۆهەر بازرگانێک دەیەوێت بەنزین بهێنێت، دەتوانێت و هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێ رێگری لێبکات، تاکە مەرجی ئێمە ئەوەیە نرخی باش بێت و کوالێتیشی بەرز بێت".

غالب محەمەد ئاماژەی بەوەشدا، "ئێمە نەوت هەناردەی دەرەوە دەكەین، ناكرێت بەنزینی خراپ بدەین بە هاوڵاتییەكانی خۆمان، عێراق ئەو بڕە بەنزینە بەقەرز دەدات بەكۆمپانیاكانی‌ كارو قەیوان بۆ هەر لیترێكیش بە 390 دیناریان لێوەردەگرێت، بۆیە ئێمەش دەمانەوێت بە جۆرێك بێت لە قازانجی هاوڵاتیان بێت".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشکراشیکرد، هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانییان راسپاردووە كار بۆ دابەزین ‌و جێگیركردنی نرخی بەنزین بكات، بۆ ئەوەش چەند پلانێكیان خستووەتە بەردەمی، تاوەکو لیترێك بەنزینی بە 600 دینار بفرۆشرێت.



PM:04:14:06/06/2018