مەسعود حەیدەر هۆشداری لە دروستبوونی شەڕی چەکداری دەدات

مەسعود حەیدەر پەرلەمانتاری سەربەخۆ و ئەندامی پێشووی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەران هۆشداری دەدات لەوەی بڕیارەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق ببێتە هۆی دروستبوونی شەڕی چەكداری بەتایبەت لەناو شیعەکاندا.

مەسعود حەیدەر، لە بابەتێكیدا بەناوی "عێراق بەرەو كوێ" نووسیوێتی "ھەر گۆڕانکاریەک لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان نارازیبوونی لیستە گەورەکانی لێدەکەوێتەوەو پرۆسەکە ئالۆزتر دەکات".

دەشڵێت " ئەگەر قەبارەی قەوارەکان بە تایبەت لەنێو مالی شیعە گۆرانکاری بەسەر بێت، لەوانەیە ببێتە ھۆی پێکدادانی چەکداری".

دەقی نووسینەكەی پەرلەمانتار مەسعود حەیدەر:

عێراق بەرەو کوێ ؟

بەدەر لە ھەموو ئەو ئیجرائات و ململانێیانەی ھەیە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقی، ھەموومان پاڵپشتی ئەوەین کە راستێکان بۆ رای گشتی روون بێت و ھەر کیانێکی سیاسی بە قەبارەی خۆیەوە بچێتە پەرلەمان. لێرە بەدواوە ململانێ ی یاسایی و دەستوری دەستپێدەکات و لە سەرەتای مانگی حەوتی ٢٠١٨ دەبێ پەرلەمانی نوێ سوێندی یاسایی بخۆن، ئەگەرنا عێراق ئەکەوێتە بۆشایی دەستوری و پەرلەمانی نابێت. ھیچ کۆمسیۆنێک نییە بتوانێ لە ماوەی سێ حەفتە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن دوای ھەژماری دەستی رابگەیەنێت و بینێرێ بۆ دادگای فیدرالی بۆ تەسدیقکردنی.

بێگومان ھەر گۆڕانکاریەک لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان نارازیبوونی لیستە گەورەکانی لێدەکەوێتەوەو پرۆسەکە ئالۆزتر دەکات، پرسیارێک کە پێویستە بکرێت، بۆ تەنھا دەنگدانی تایبەتی ھەرێمی کوردستان ھەڵبوەشێتەوە؟؟ بۆ ھی ھەموو عێراق ھەڵنەوەشێتەوە؟؟ لە نێوان ئەم ھەموو ئاڵۆزیە سیاسی و دەستوری و یاسایی یەدا، ئەگەر بەھێزە کە عێراق ناچاربێت ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان وەلاوە بنرێت و حکومەتی گوارئ دروست بکرێت و کاتی ئەنجامدانی ھەلبژاردنی نوێ دیاری بکات. بەرژەوەندی ووڵاتان لە ساحەی سیاسی عێراق یەکتر دەبڕن و ھەڵبژاردنەکەش کێشەی زۆر تێدایە.

ئەگەرێکی تر ئەوەیە کە ئەم ھەموو ھاتوو ھاوارە تەنھا لەبەر دەرنەچوونی چەند کەسایەتیەکی دیاری عێراق بێت زیرەکانە توانیبێتیان لایەنە نارازێکان ببەنە ساحەی خۆیان و بەکاریان ھێنان بۆ ئەوەی لە ئەنجامی ھەژمارکردن دەریانچوێنن و دەنگی قەوارەکان گۆرانکاری بەسەر نەیەت بەلکو بەربژێرەکانی ناو قەوارەکان گۆرانکاریان بەسەر بێت، بەو شێوە پرۆسەی سیاسی رزگار دەکەن و بەردەوامی دەبێت.

بە پێی ئەو زانیاریانەی لەبەردەستن لە ئەمرۆدا ئەم دوو ئاراستە لە پێش پرۆسەی سیاسیە لە عێراق. ئەگەر قەبارەی قەوارەکان بە تایبەت لەنێو مالی شیعە گۆرانکاری بەسەر بێت، لەوانەیە ببێتە ھۆی پێکدادانی چەکداری.

وەکو لەسەرەتاوە دووپاتمان کردۆتەوە ھەموومان لەگەل ئەوەین راستیەکان دەرکەوێت، بۆ مێژوو کاتی تەعدیلی یاسای ھەڵبژاردن پێم ووتن ئەلکترۆنی متمانە پێکراو نییە، چونکە لە وولاتی ھۆلەندا ویستیان دەنگدان لە بەشێکی بنکەکان بکەنە ئەلکترۆنی، رەفزیان کردەوە چونکە سیستمەکە اختراق کرا، بە قسەیان نەکردم و زۆر متمانەیان بە خۆیان و جیھازەکان بوو.

مسعود حیدر
ئەندام پەرلەمانی عێراق
٢٠١٨/٦/٦



PM:11:19:06/06/2018