بەرزترین پلەی گەرما لە جیهاندا تۆمار کرا

ئەمڕۆ پینج شەممە شارێکی وڵاتێکی سعودیە گەرمترین پلەی گەرمای لەسەر ئاستی جیهان تێدا تۆمارکرا و پسپۆڕانی کشتوکاڵیش پێیانوایە ئەو گەرمایە بەسوودە بۆ پێگەیشتنی بەرهەمی ٣ ملیۆن دارخورما.

میدیاکانی سعودیە بڵاویانکردەوە، شاری ئەحساء کە دەکەوێتە خۆرهەڵاتی ئەو وڵات ئەمڕۆ بەرزترین پلەی گەرمای لەسەر ئاستی جیهان تیادا تۆمارکراوە.

وتەبێژی دەستەی کەشوهەوا و پاراستنی ژینگەی سعودیە ڕایگەیاند، لە شاری ئەحساء ئەمڕۆ بەرزترین پلەی گەرما تۆمارکراوە، کە پلەی گەرما گەیشتووەتە ٤٨.٤ پلەی سیلیزی لە سێبەردا.

دەستەکە لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە، چاوەڕواندەکرێت ئەم هاوینە پلەی گەرما لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی سعودیە بگاتە سەروو ٥٠ پلەی سیلیزی.

پسپۆڕانی کشتوکاڵی بواری چاندن و پێگەیشتنی بەرهەمی دارخورما لە سعودیە ئەم بەرزبوونەوەی پلەی گەرمایە لەم وەرزەدا بە وەرزی "پێگەیشتنی خورما" و ڕەنگگرتنی بەرهەم ناودەبەن.



AM:09:21:08/06/2018