شاندێكی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەگەڵ هاوڵاتیانی مەنبەج و خۆبەڕێوەبەریی شارەكە كۆبووەوە و دڵنیاییان دایە هاوڵاتیانی شارەکە.
لەنێو شاندەكەی هاوپەیمانان هەریەكە لە ژەنەڕاڵ جەیمس گەرارد، كاپتن وێل و ویلیام رویباك باڵیۆزی پێشووی ویلایەتەی یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە سعوودیە هەبوون، شاندەكە لەگەڵ عەبد موستەفا، هاوسەرۆكی كۆمیتەی كاروباری ناوخۆی مەنبەج و عادل عەبدولسەلام، هاوسەرۆكی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی گەل، بە كۆڵانەكانی شاری مەنبەج-دا گەڕان و لە نزیكەوە چاویان بە هاوڵاتیان كەوت و گوێیان لێ گرتن.
هاوڵاتیانی مەنبەج كە قسەیان لەگەڵ شاندەكەی هاوپەیمانان كرد سەرنجییان خستە سەر هەڕەشەكانی دەوڵەتی توركیا دەربارەی داگیركردنی مەنبەج و رایانگەیاند، مەنبەج خۆی خۆی بەڕێوەدەبات و ئەوان نایانەوێت توركیا لە هەرێمەكە هەبێت.
شاندەكە دوای ئەوەی گوێی لە بۆچوونەكانی هاوڵاتیان گرت، سەردانی ئەنجوومەنی سیڤیلی مەنبەج-ی كرد و لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنەكە كۆبووەوە، بە گوێرەی زانیارییەكان، ئەندامانی ئەنجومەنەكەش بە شاندەكەی هاوپەیمانەتیی نێونەتەوەییان راگەیاندووە، كە نایانەوێت توركیا دەست لە كاروباری مەنبەج وەردات و لە هەرێمەكە هەبێت.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فورات نیوز، شاندەكەی هاوپەیمانان بەمەبەستی گوێگرتن لە وەڵامی گەلی مەنبەج دەربارەی رێككەوتنی ئەمەریكا و توركیا سەردانی هەرێمەكەیان كردووەو دڵنیاییان داوە كە رێگە نادەن گرووپە چەكدارەكان دەربازی مەنبەج ببن
سەردانی شاندەكەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دوای ئەوە هات 4ی ئەم مانگە، وەزیرانی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و توركیا كۆبوونەوەو رایانگەیاند، لەبارەی مەنبەجەوە گەیشتوونەتە رێككەوتن.