وەزیری بەرگری ئەمریکا کاتی کشانەوە لە ڕۆژئاوای کوردستان ئاشکرادەکات

وەزیری بەرگریی ئەمریکا کات و مەرجی کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە رۆژهەڵاتی سووریا "رۆژئاوای کوردستان" ئاشکرا دەکات.

جێیمس ماتیس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە میانی کۆبوونەوەیەکی هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ)، رایگەیاندووە، نابێ هاوپەیمانان هەلێک بدەنە بەشار ئەسەدی سەرۆکی رژێمی سووریا و پاڵپشتەکانی، بۆ دەست بەسەرداگرتنەوەی ناوچەکانی سووریا.

جێیمس ماتیس هەروەها رایگەیاندووە، هێزەکانی وڵاتەکەی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دوای ئەوە لە رۆژئاوای کوردستان و رۆژهەڵاتی سووریا دەردەچن، کە چارەسەرێکی سیاسی بۆ شەڕی ناوخۆیی سووریا بدۆزرێتەوە.

وەزیری بەرگریی ئەمریکا پێی وایە بەبێ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی لە سووریا، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەو ناوچانە ”هەڵەیەکی ستراتیژییە و هەوڵە دیپلۆماتییەکان بێ هێز دەکات و تیرۆر بەهێز دەکاتەوە".

لە مانگی ئاداری2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.

بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیھان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.



PM:12:29:09/06/2018