سەرۆکی ئەمریکا: متمانەم بە کیم هەیە سوربێت لەسەر لەناوبردنی چەکی کیمیایی

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سەرۆک کیم ئامادەیی دەربڕیوە کە سەرجەم مووشەکە ئەتۆمییەکانی لەناوببات، منیش متمانەم بە کیم هەیە کە سوربێت لەسەر لەناوبردنیان.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە لە پاش کۆبونەوەی لەگەڵ کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکور ئەنجامیدا، دۆناڵ ترەمپ وتی"ئێستا سەرۆک کیم گەڕاوەتەوە وڵاتەکەی، دبەڵێنی داوە، کە گۆڕەپانێکی گەورەی تاقیکردنەوەی موشەکی بالیستی لەناوبەرێت.

هەروەها وتی، سزاکان بۆ سەر کۆریای باکوور دەمێننەوە تاوەکو ئەو کاتەی کۆریای باکوور رێککەوتننامەکە جێبەجێ دەکات".

ترەمپ ئاماژەی بەوەشدا، کە جارێکی دیکە لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور کۆدەبێتەوەو سەرۆک کیم بانگهێشت دەکات بۆ کۆشکی سپی و ئەویش بانگهێشتنامەاکەی پەسەند کردووە".

دۆناڵد ترەمپ سوپاسی سەرۆکی کۆریای باشوور، ژاپۆن، سەنگاپوور و چینی کرد کە کارئاسانییان کردووە بۆ سەرخستنی ئەو کۆبوونەوەیە و لەبەشێکی دیکەی گوتەکانیشیدا رایگەیاند "کۆبوونەوەم لەگەڵ کیم جۆنگ ئوون زۆر راستگۆیانە و بەرهەمداربوو".

هەروەها جەختی کردەوە لەوەی بەو کۆبوونەوانەی نێوانیان "کۆتاییمان بە ناکۆکی 70 ساڵەی نێوانمان هێنا و ئامادەکاریمان بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ کرد".

لە کۆتایی قسەکانیدا سەرۆکی ئەمریکا  کۆبونەوەکەی بە بەرهەمدار وەسفکرد و پێی وابوو، ئەگەر کۆریای باکور دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەکەی بێت، ئەوەندە هەل و دەرفەتی لەبەردەم دەڕەخسێت سنووری نەبێت.

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە سەرۆکی ئەمریکا و کۆریای باکور لە وڵاتی سەنگاپورە کۆبوونەوە و رێککەوتنێکی هاوبەشیان هاوبەشیان واژۆکرد.


PM:01:07:12/06/2018