مەسعود حەیدەر: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی چاوەروانکراو بوو

پەرلەمانتارێکی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، دادگای باڵای فیدرالی ئەو ماددەی سێ ی بە نادەستوری لەقەلەم دا کە دەنگی ئاوارەکان و دەرەوەو دەنگدانی تایبەتی ھەرێمی کوردستانی ھەڵوەشاندبوو.

لە نوسینێکیدا کە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسربووک بڵاویکردوەتەوە، مەسعود حەیدەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نوسیویەتی، "دادگای باڵای فیدرالی مافی دەنگدانی ئەو چین و توێژانەی پاراست و ھەر سندوقێک تانەی لێدراوەو بە بەڵگە سەلمێندراوە کە ساختەکاری تێدا ئەنجامدراوە ھەژمار دەکرێتەوە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی حوزەیران، دادگای فیدراڵی عێراق لە دانیشتنی خۆیدا رایگەیاند، دانیشتنەکەی 6ی حوزەیرانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پشتی بە پەیڕەوی ناوخۆ بەستووە بۆیە بڕیاری ژماردنی دەستی بۆ دەنگەكان دەستورییە، هاوکات داواکاری هەڵوەشاندنەوەی دەنگدانی دەرەوە و ئاوارەکان و هەرێمی کوردستانیشی ڕەتکردەوە.


دەقی نوسینەکەی مەسعود حەیدەر...

بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدرالی لەسەر ھەڵبژاردن

بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی چاوەروانکراو بوو، بالانس رابگرێت لە نێوان ھەردوو بەرەکە، پشتیوانی ئەو بڕیارەی دادگای باڵا دەکەین کە دووپاتی دەکاتەوە دەنگەکان بە دەست ھەژماربکرێنەوەو ھەموو گومانەکان بڕەوێنەوەو متمانە بگەرێتەوە بۆ پرۆسەی ھەڵبژاردن. ھەروەھا دادگای باڵای فیدرالی ئەو ماددەی سێ ی بە نادەستوری لەقەلەم دا کە دەنگی ئاوارەکان و دەرەوەو دەنگدانی تایبەتی ھەرێمی کوردستانی ھەڵوەشاندبوو، مافی دەنگدانی ئەو چین و توێژانەی پاراست و ھەر سندوقێک تانەی لێدراوەو بە بەڵگە سەلمێندراوە کە ساختەکاری تێدا ئەنجامدراوە ھەژمار دەکرێتەوەو ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن وەکو خۆی دەبێت تا ھەژماردن و یەکلاییکردنەوەی تانەکان وەکو دادگای بالا ی فیدرالی لە بڕیارەکەی ئاماژەی پێکردوە. دادگای باڵای فیدراڵی بڕیارە سیاسێکانی ناو یاساکە ھەڵوەشاندەوە. بەم بڕیارە دادگای باڵا بارودۆخەکەی عێراقی ھێورکردەوە.

پشتیوانی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەکەین.

مسعود حیدر
ئەندام پەرلەمانی عێراق
٢٠١٨/٦/٢١

PM:01:51:21/06/2018