دەمیرتاش داوا لە هاوڵاتیان دەکات بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان

سەڵاحەدین دەمیرتاش پاڵێوراوی هەدەپە بۆ سەرۆک کۆماری لە زیندانی ئەدیرنەوە لێدوانێکی نوێی دا. دەمیرتاش بانگی لە دەنگدەران کرد و وتی "هەرچۆنێک بووە بڕۆنە شوێنی دەنگدان و دەنگی خۆتان بدەن".

دەمیرتاش لە ڕێگای هەژماری تایبەتی خۆیەوە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر ئەم نامەیەی بلاوکردەوە:

یەکەم: هاوبەشی خۆش و باشە. خۆشە بۆ ئەوەی مرۆڤ نان، دڵخۆشی، ئازار و ژانەکانی ژیان لەگەڵ کەسانی تر دابەش بکات. دابەشکردن ئەرک، بەڕێوەبەری، کێشە و چارەسەریی وڵات باشتر دەکات. ئەگەر تۆ بڵێیت 'ئیلاهی با هەموو شتێک من بم، هیچ شتێک بۆ تۆ نابێت'، تەنها بە یەک کەس بڕوا مەکەن، بەڵام بە چەند مرۆڤێک بڕوا دەکەن، لەبەرئەوە ئێمە پێکەوە جوانین.
دووەم: ڕۆژی ٢٤ی حوزەیران/ ٣ ی پووشپەڕ، کۆتایی بە دەسەڵایی ١٦ ساڵەی ئاکەپە دێت. ئێوە دەیبینن، کەسانێک دەنگیان بە ئاکەپە داوە هەناسەیەکیش بە بەری ئەواندا دێتەوە. لەو ماوەیەی کە پارتەکەی ئەوان دەسەڵاتدار بوو، ئارامی و دڵنیاییان نەبینی، بەڵام ئیدی  ئەوانیش ئارامی و دڵنیایی دەبینن. مافی ڕەوای ٨١ ملیۆن کەسە، کە بە شێوەی یەکسان و ئازاد بژین.
سێیەم: دەڵێن 'هەندێک جار خراپیەک لە هەزار ئامۆژگاری باشترە'، خراپەش بە سەری ئێمەدا هاتووە، بۆیە ئەوە بۆ ئێمە بۆ هەموومان، بۆ هەموو سیاسەتمەداران باشترین ئامۆژگارییە. سوننی، عەلەوی، کورد، تورک، موحافەزکار، سیکولار، کەمالیست، سۆسیالیستەکانی وڵات، بەو دەرسانەی کە لە ڕابردوو وەریانگرتووە، دەبێت پشتیوان بن بۆ تێپەڕاندنی قۆناغ بەرەوە دیموکراسی.
چوارەم: ئێمە سەرەتا پێکەوە دیموکراسییەکی باش دروست دەکەین، کە نوێنەرایەتیی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بکات. ئێمە ئاشتیی ناوخۆیی دێنینە ئاراوە و لەناو ئاسایش و ئارامیدا دەژین. ئێمە ئەوە لە رێگەی دەستووری نوێی بنەڕەتییەوە، تاجدار دەکەین. پاشانیش لەناو دیموکراسیدا ئێمە دەکەوینە ناو پیشبڕکێی سیاسیی. ئیدی با نە ترسی پارچەبوون بمێنێت و نە ترسی نکۆڵیکردن.
پێنجەم: ئەوەی تورکیا دەهێنێتە سەر ڕێگای ڕاست، یەکێتیی دیموکراتیکە، تاکپەرستی نییە، ئێمە بەم بیرکردنەوە و ڕێبازە، هەموو کیشەکانی تووندوتیژی و چەک، لەماوەیەکی کەمدا لە ڕۆژەڤی وڵاتدا بە تەواویی دەردەهێنین. ٢٤ی حوزەیران، دەرگا لەسەر ئاشتیی گەورە دەکاتەوە. با هەموو کەس بۆ گۆڕان ئامادە بێت. گۆڕین خۆش و باشە.
شەشەم: هەدەپە کلیلی ئەم گۆڕانکارییەیە. هەر دەنگێک بۆ هەدەپە بدرێت، دەبێتە تەواوکاریی بۆ پاشەڕۆژی ڕووناک و یەکێتیی وڵات. هەدەپەش بەم بیروباوەڕەوە، بەم بەرپرسیارێتییەوە، بۆ پاشەڕۆژی دیموکراسی، هەرگیز لەسەر ڕێگای ئاشتی لانادات. با ئێوە دڵنیا و ئاسوودە بن.
حەوتەم: هەرچۆنێک بووە بڕۆنە شوێنی دەنگدان. دەنگی خۆتان بدەن بە دیموکراسی. خاوەنداری لە دەنگەکانی خۆتان بکەن و بەم شێوەیە دەست بە قۆناغی گۆڕین بکەن. لەو باوەڕەدام کە ئێمە پێکەوە شتێکی زۆر باش دەکەین. هاوبەشی و دابەشکردن باشە. وەرن با ئێمە پێکەوە جوان بین. بۆ جوانبوون دەنگێک بۆ هەدەپە و دەنگێکیش بۆ دەمیرتاش.
هەشتەم: لە کۆتاییدا من بانگێک دەکەم، ئەم ئێوارەیە لە کاتژمێر ١٩:٣٠ بۆ ٢١:٣٠ من لێرە میتینگ ساز دەدەم. پارێزەرەکانم پەیامی من لە زیندانەوە بە پەلە و دەستبەجێ دەگەیەنن بە ئێوە. من چاوەڕوانی ئەوەم هەمووتان بەشداری میتینگەکەم ببن. بە ئاڵای شکاوە و پۆستەر و لافیتەکانەوە وەرن. ئێوە بەخێربێن.:)



PM:11:20:21/06/2018