لە سەرەتای مانگی تەموزەوە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم دەست بە دامەزراندنی فەرمانبەر دەکات بەشێوەى گرێبەست.
بەگوێری زانیاریەکان دامەزراندنەکە بۆ ماوەی چوار مانگە بۆ ئەوەی چاودێری بنکەکانی دەنگدان بکەن و بەپێی ژمارەی بنکەی دەنگدان دەبێت لە پارێزگاکانی هەرێم.
بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی کۆمسیۆن باس لەوەدەکات، دامەزراندنەکە کاتییە و تا ئێستا بڕیاریان لەسەر بڕی موچەی ئەو فەرمانبەرانە نەداوە، لە ئێستاشدا چاوەڕوانی ڕاپۆرتی نوسینگەکانی کۆمسیۆن دەکەن تا بزانن چەند فەرمانبەریان پێویستە.
هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکان ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی کە بۆ ئەو چوار مانگە دادەمەزرێن زیاترە لە ١٠٠٠ فەرمانبەر و لە رێگەى چاوپێکەوتن و سیڤییەوە دەبێت.
جگە لەوەش کۆمسیۆن ژمارەیەک کەسى دیکە دادەمەزرێنێت، کە تەنها بۆ یەک ڕۆژە و تەنها لە ڕۆژی دەنگداندا چەند کارێکیان لەناوەندەکانى دەنگدان پێ دەسپێردرێت.
بڕیارە ٣٠ ئەیلولى ئەمساڵ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕیوە بچێت و کۆمسێۆن ڕێکارەکانی بەڕیوەچوونی هەڵبژاردنەکەی دەست پێکردووە و بەشێکیانی تەواو کردووە و ناوى ٣٨ قەوارەشى بۆ بەشداریکردن لەو هەڵبژاردنە پەسەندکردووە.