کاتی ژماردنەوەی دەستی دەنگەکان ڕاگەیەندرا

كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق دەست بە ئەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەكات و وادەکەشی ڕاگەیاند.

كۆسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، كە ئێستا لەلایەن لیژنەیەكی دادوەری بەرێوەدەبرێت، ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، كە لەرۆژی شەممەوە دەست بەئەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەكەن.

كۆمسیۆن ئەوەی خستۆتەڕوو لەرۆژی شەممەوە سەرجەم لقەكانی كۆمسیۆن دەست بەدەوامی فەرمی خۆیان دەكەن‌و ئەركەكانی خۆیان رادەپەڕێنن بۆ ئەژماركردنەوەی دەنگەكان.

بڕیارەكەی كۆمسیۆن لەكاتێكدایە، رۆژی پێنج شەممە، دادگای فیدراڵی عێراق هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراقی بەدەستووریی زانی‌و رایگەیاند، ئەژماركردنەوەی دەنگانی هەڵبژاردنی پەرلەمان بەدەست یاساییە.

لە هەر پارێزگایەکی عێراق دادوەرێک کۆمیسیۆن بەڕێوە دەبات و لە هەرێمیش ئەنجومەنی باڵای دادوەریی هەرێم ئاشكرایكرد، هەریەكە لە دادوەر دارا لەهەولێر، دادوەر نەجات لەسلێمانی، دادوەر سدقی سەلیم خان لەدهۆك، سەرپەرشتی كارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكەن، بۆ هەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكانی هەڵبژاردنەكەی 12ی ئایاری ڕابردوو.



AM:11:54:22/06/2018