تورکیا داوا دەکات ئێران هاوکاری بکات بۆ لێدانی پەکەکە

وەزیری دەرەوەی تورکیا داوای هاوکاری لە ئێران دەکات بۆ لێدانی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە".

لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا مەولود چاووشئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، پێویستە وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران لە هاوکاری بەردەوام دابن بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەریلاکانی پەکەکە بەڵام لە ئێستادا تاران و پەکەکە لە قۆناغی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکاندان.

چاووشئۆغڵو وتی، "لە ئێستادا پەکەکە و ئێران لە قۆناغی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکاندان، تاران دەزانێت کە ئەو گروپە شانەی نوستووی هەیە لەناو خاکی وڵاتەکەیدا بەڵام پێدەچێت لە هەر ئانوساتێکدا هێرشی بکاتەسەر".

ئاماژەی بەوەش کرد، " ئەگەر پەکەکە یاخود پژاک لە ئێستادا هێرش ناکەنە سەر ئێران، بەو مانایە نییە کە دوو ڕۆژی تر ئەو کارە ناکەن".

ئەوەش لە کاتێکدایە سەرەتای ئەم مانگە نورەدین جانکیلی وەزیری بەرگری تورکیا ڕایگەیاند، ڕەزامەندى هەریەک لە عێراق و ئێرانیان بەدەستهێناوە بۆ هێرشکردنە سەر پەکەکە لە چیاکانى قەندیل لە هەرێمى کوردستان.

سەرەتا حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕەتیکردەوە ڕەزامەندییان نیشاندابێت بۆ هێرشکردنە سەر پەکەکە لە چیاکانی قەندیل.

دواتر ئەبو فەزڵ شکارچی وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران ئەو هەواڵەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، تاران لەشکرکێشی بۆ وڵاتێکی دراوسێ بە بێ مۆڵەت بە نایاسایی ناودەبات و ڕێگەش نادات هیچ وڵاتێک لە خاکی ئێرانەوە هێرش ئەنجامبدات، تەنانەت ئەگەر شەڕ دژ بە "تیرۆر"یش بێت .



AM:08:53:23/06/2018