ئاسایشی هەولێر: بەرپرسێکی باڵای یەکێتی داڵدەی بکوژەکەی هەولێری داوە

بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر ئاشکرای کرد، برای باوک و کوڕەکەی شاری هەولێر کە چەند کەسێکی لەماڵی خۆیدا کوشتووە، پێشتر لەلای مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داڵدە دراوە، بۆیە کێشەکە بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.
 
تارق نووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر بە ماڵپەڕی باسنیوز راگەیاندووە " زۆربەی ڕووداوەکانی کوشتن کە لە ھەولێر روودەدەن، ”پەیوەندییان بە کێشەی کۆمەڵایەتییەوە ھەیە".
 
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە ئەو ڕووداوەی رۆژی ھەینی ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠١٨ ڕووی دا و بەهۆیەوە باوک و کوڕێک لە هەولێر کوژران، پەیوەندی بە کێشیەکی پێشووترەوە هەیە کە خەڵکی تیا کوژراوە.
 
ڕوونیشی کردەوە: ”برای ئەو باوک و کوڕەی کە رۆژی ھەینی لە شاری ھەولێر کوژران، (٢) ساڵ لەمەوبەر، لەسەر کێشەی قەرز، دوو کەسی سەر بە عەشیرەتێکی لە ماڵی خۆیدا کوشتبوو، دواتر چووەتە سلێمانی و لای بەرپرسێکی باڵای یەکێتی جێگیر ببوو".
 
بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر رونی کردەوە کە بەھۆی داڵدەدانی بکوژەکە و ڕادەستنەکردنی بە یاسا، کێشەکە بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە، دواتریش تاوانی دیکەی لێ کەوتووەتەوە کە بەهۆیەوە باوک و کوڕەکە کوژراون.
 
ڕێکخراوەکانی بواری کۆمەڵی مەدەنی بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەهۆی داڵدەدانی تۆمەتباران و ڕادەستنەکردنیان بە یاسا، کێشە کۆمەڵایەتییەکان درێژەیان دەبێ.



PM:10:47:23/06/2018