هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بۆ رێگری لە خۆپیشاندان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە پرۆسەی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار و ھەڵبژاردنە گشتییەکانی ٢٧ەمین خولی پەرلەمان لە سەرانسەری تورکیا، دەستیپێکرد.  

لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەکەشدا هێزە ئەمنییەکانی تورکیا ئەگەری ڕوودانی خۆپیشاندانیان بەدوور نەزانیووە، بۆیە ٨٥ ئوتومبیلیان لە شاری ئیستەنبول ئامادەکردووە تا لە کاتی ڕوودانی خۆپیشانداندا بە فشاری ئاو بڵاوە بە خۆپیشاندەران بکەن.

هاوکات بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی ئیستەنبوڵ، لە چوارچێوەی پلانی پاراستنی ئاسایشی دەنگدان لە شارەکە، ٣٨ هەزار و ٤٨٠ پۆلیسی تەرخانکردووە و رێوشوێنی ئەمنی پێویستی گرتووەتەبەر و، چوار هێلیکۆپتەر و هەشت بەلەم و ٩٠ ئوتومبیلی سەربازیش خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

هەروەها ئەو هێزە ئەمنییەی لە شاری ئیستەنبوڵ، کە لە سێ بازنەی هەڵبژاردن پێکهاتووە، لە هەزار و ٦٧٠ قوتابخانەدا، ٢٨ هەزار و ٣٥٧ سندوقی دەنگدان هەیە و پاراستنی ئاسایشی دەنگدانیان لەئەستۆ گرتووە.

لەم هەڵبژاردنە پێشوەختەدا کە بە بڕیاری سەرۆکی تورکیا ئۆردوغان و، زۆرینەی پەرلەمانی ئاکەپە بڕیاری لەسەر درا، دوو پرۆسەی دەنگدانی تیادا ئەنجام دەدرێت، یەکێکیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێک کە دەسەلآتێکی زۆری هەیە، لەگەڵ پەرلەمانێکی نوێ بۆ ولآت.

بۆ پۆستی سەرۆکی ولآت شەش بەربژێر خۆیان کاندیدکردووە، کە بەهێزترین وەک راپرسیەکان ئاماژەی بۆ دەکەن، ئۆردوغانی سەرۆکی ئێستا و، ئینجە بەربژێری جەهەپەیە، هاوکات سەرکردە کوردە گەنجە زیندانییەکە، سەلاحەدین دەمیرتاش، یەکێکە لە بەربژێرە دیارەکانی هەڵبژاردنەکە.

لە پرۆسەی دووەمی هەڵبژاردندا هەشت حیزب بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا دەکەن بۆ بردنەوەی ٦٠٠ کورسی کە لەهەڵبژاردنی پێشوودا ٥٥٠ کورسی بوو. لەگەڵ ٦٨ کاندیدى سەربەخۆ، هەروەها چوار هەزار و ٨٠٠ کاندیدى سەرجەم حزبەکان کە ٩٧٧ کاندیدیان ژنن.

تورکیا لە ٨١ پارێزگا پێکهاتووە و دابەشکراوە بەسەر ٨٧ بازنەدا و هەریەک لە ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە سێ بازنە و ئیزمیر و بۆرسە لە دوو بازنە و  پارێزگاکانى تر هەریەکەیان بازنەیەکیان بۆ دانراوە




AM:09:46:24/06/2018