لەبارەی پێوەری ئاوی ماڵانەوە هۆشداری دەدرێت

بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، دەبێت لەماوەی دوو مانگدا سەرجەم هاوڵاتیانی هەرێم پێوەری ئاو لە ماڵەكانیاندا ببەستن.

مەسعود كارەش، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "لەسەدا ٦٠ی خەلكی كوردستان پێوەری ئاویان لە ماڵەكانیان بەستووە و دەبێت لە دوو مانگی داهاتووشدا لەسەدا ٤٠ كەی دیكە ئەو پێوەرە ببەستن"

ڕوونیشیكردەوە لە ڕێگەی سێ كۆمپانیاوە كارەكانی پێوەری ئاو لە هەرێم دانراوە و دادەنرێت، لە هەولێر و دهۆك یەك كۆمپانیا، سلیمانی كۆمپانیایەك و بۆ گەرمیان و ڕاپەرین و هەڵەبجەش كۆمپانیایەكی دیكە دانانی پێوەری ئاوی ماڵانی لە ئەستۆیە و لە ئێستادا كارەكانی كەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوە.

بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی جەختی لەوەش كردەوە، پاش دوومانگی دیكە ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر هەموو ئەو كەسانە دەگرنەبەر كە پابەندی ئەو ڕێنماییە نەبن.

ئەوەش لە كاتێكدایە لە ماوەی ڕابردوودا پێدانی ئاو بە هاوڵاتیان لە هەرێمی كوردستان بە بێ پێوەر بووە و هیچ یاسایەكی تایبەت بۆ ڕێژەی بەكارهێنانی ئاو دیاری نەكراوە.



PM:12:32:25/06/2018