جێگری سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ حکومەتی عێراق دووپاتدەکاتەوەو ستایشی هەوڵی حکومەتی عێراقیشی کردوە لە دووبارە گەڕانەوەی ئاوارەکاندا.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە راگەیەندراویکدا ئاماژەی بەوەداوە، کە مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندی بە حەیدەر عەبادییەوە کردووە و هەردولا گفتوگۆیان کردووە لەبارەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان،
ئەوەش خراوەتەڕوو، کە لەو پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا هاوکاری دووقۆڵی نێوان هەردوو وڵات و دۆخی ناوچەکە و، رەوشی سیاسی و ئەمنیان تاوتوێ کردووە.
ئەوەش هاتووە، کە جێگری سەرۆکی ئەمریکا ستایشی حکومەتی عێراقی کردووە، لەسەر بەردەوامی حکومەتی عێراق بۆ لە ناوبردنی چەکدارانی داعش و جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەمریکا پابەندە بەوەی پشتیوانی عێراق بکات، کە سەرکەوتنی گەورەی بەسەر داعش و رزگارکردنی خاکەکەی بەدەستهێناوە. وڵاتەکەشی لەگەڵ عێراقی سەربەخۆ، سەقامگیر، گەشەسەند و و یەکگرتووە.
مایک پێنس ئەوەشی خستوەتەڕوو، کە بەردەوامدەبن لە پشتیوانیکردنی عێراق لە قۆناخی بونیاتنان و ئاوەدانکردنەوە، هاوکات ستایشی هەوڵی حکومەتی عێراقی کردوە لە دووبارە گەڕانەوەی ئاوارەکان و پاراستنی کەمینەکان و گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانیان".
لایخۆشیەوە حەیدەر عەبادی بە مایک پێنسی رایگەیاندووە، حکومەتی عێراق و هێزەکانیان بەردەوامن لە راوەدوونانی شانە و پاشماوەکانی داعش و ئەولەویەتی عێراقیش پاراستنی ئەو دەستکەوتانەیە، کە بەدەستیهێناوە لە بواری ئەمنی و گەشەکردن، چاکسازی ئابووری، خزمەتگوزاری، بونیاتنان، ئاوەدانکردنەوە، دابینکردنی هەلیکار".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عەبادی جەختی لەسەر گرنگی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کردووەتەوە، کە خزمەتگوزاری پێشکەشی هاووڵاتییان بکات و خواستی خەڵک فەراهەمبکات.