لە کەرکوک ٤٠٠ تانە لە سەندوقەکانی دەنگدان هەیە
چەند فەرمانبەری کورد نێردراونەتە ماڵەوە

لە پارێزگای کەرکوک ٤٠٠ تانەو سکالآ لە پرۆسەی دەنگدان هەیە، کە نزیکی ١٦ هەزار دەنگ دەکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆمسیۆنی بالآی هەڵبژاردن لە پارێزگای کەرکوک بە سپی راگەیاند" ئەو تانەو سکالآیانەی لەسەر پرۆسەی دەنگدان لە پارێزگای کەرکوک تۆمار کراون نزیکەی ٤٠٠ تانەن لە کۆی ٣٠٠٠ سێ هەزار سندوقی دەنگدان".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەو ٤٠٠ سکالآیە دەکاتە نزیکەی ١٦ هەزار دەنگ، چونکە بە نزیکی هەر سندوقێکی دەنگدان نزیکەی ٤٠٠ دەنگی تێدایە.( ئەمە لە کاتێکدا کە هەر سندوقێک سکالآیەکی لەسەربێت، لە کاتێکدا رێکدەکەوێت سندوقێک چەند سکالآیەکی لەسەر بێت).

لەلایەکی ترەوە لەو رۆژەوە کە کۆمسیۆنی بالآی هەڵبژاردن و بەرپرسی کۆمسیۆنی پارێزگاکان لە کاردوورخراونەتەوە و نێردراونەتەوە ماڵەوە، لە کەرکوک جگە لە سەرۆکی کۆمسیۆنەکە کە عیماد وەلی ناوەو کوردە، پێنج کارمەندی تریش نێردراونەتە ماڵەوە.( واتە شەش کورد لە کۆمسیۆنی کەرکوک نێردراوەنەتەوە ماڵەوەو کارەکانیان لە کۆمسیۆن راگیراوە ). 

هەورەها کۆمسیارانی نوێی هەڵبژاردن لە بەغدا دوێنێ بڕیاری دەرکرد ٣٣ کارمەند لە پارێزگا جیاجیاکانی عێراقە لە کەرکوک دابنرێن، بۆ ئەوەی سەرپەرشتی جیاکردنەوەی دەنگدان لەگەڵ کارمەندانی تری کۆمسیۆندا ئەنجام بدەن.

جیاکردنەوەی دەنگەکان لە رێگای دەستەوە، بڕیارە سبەی سێ شەممە ٣ ی تەموز دەستپێبکات، کۆمسیۆن ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە پرۆسەکە سێ رۆژی پێدەچێت.



PM:03:38:02/07/2018