" ناکۆکی دەکەوێتە نێوان رێبارز و حەملان و بریکارەکەیەوە "

ماڵپەڕێکی پارتی , رایگەیاند" لەسەر گۆڕینی چەند بەڕێوەبەرێک لەنێو وەزارەتدارایی، ناکۆکی دەکەوێتە نێوان وەزیری دارایی رێباز حەملان و بریکارەکەی رابەر سدیقەوە".

باسنیوزی ماڵپەڕی نزیک به‌پارتی بڵاوی كردوه‌ته‌وه‌ ,  کە لە سەرچاوەکانی نێو وەزارەتی داراییەوە دەستی کەوتووە، دوای گەڕانەوەی بۆ پۆستەکەی، ڕێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری گۆڕینی سێ بەڕێوەبەر و دانانی سێ کەسی دیکە لە شوێنەکانیان دەردەکات، بەڵام ڕابەر سدیق، بریکاری وەزارەتی دارایی و ئابووری، بڕیارەکەی وەزیر ڕادەگرێت و ڕێگە بەو ئاڵوگۆڕە نادات، بەو هۆیەشەوە ناکۆکییەکی قووڵ دەست پێ دەکات.

 

هەر بەپێی ئەو زانیارییانە، ململانێکەی نێوان وەزیری دارایی و بریکارەکەی، کاریگەری لەسەر رەوشی نێو وەزارەتی دارایی و بەڕێوەچوونی کارەکان درووست کردووە و بەشێکیش لە فەرمانبەران لە نێوان هەردوو جەمسەری وەزارەتەکەدا تووشی ئاستەنگ و کێشە بوون.

لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی دارایی ئاشکرا کرد کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا سەفین دزەیی، وتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ناوبژیوانیکردن، لەگەڵ ڕێباز حەملان و ڕابەر سدیق کۆبووەتەوە و داوای لێکردوون کۆتایی بە ململانێکەیان بهێنن.

دوای مۆڵەتپێدانی وەزیرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و پاشان دەست لەکار کێشانەوەی وەزیرەکانی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕان، رێباز حەملان وەک کەسێکی سەربەخۆ بڕیاری مانەوەی لە پۆستی وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دا.

رێباز حەملان کە چوار ساڵە وەزیرە، سەرەتا لەسەر پشکی گۆڕان بووبە وەزیر، لەگەڵ پاشەکەشەی وەزیرەکانی گۆڕان ئەویش وەزارەتی جێهێشت، بەلآم دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ناوبراو بە پێچەوانەی گۆڕانەوە گەڕایەوە وەزارەت، هەرچی رابەر سدیقە کە بریکاری وەزیرە کادیرێکی پێشکەوتووی پارتییە.



PM:03:52:04/07/2018