حکومەتی هەرێم هەڵمەتی وەرگرتنەوە زەوییە داگیرکراوەکان دەستپێدەکات

هەفتەی داهاتوو هەڵمەتی وەرگرتنەوەی ئەو زەییانە دەست پێدەکات کە ماوەی چەند ساڵێکە لەلایەن هاوڵاتیان و بەرپرسانی هەرێمەوە داگیرکراون، بۆ وەرگرتنەوەشی هێزێکی ئەمنی بەو کارە هەكدەستن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی تەمموز كەریم سنجاری، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی ئەو زەویانەی کە سالانیکە لەلایەن هاوڵاتیان و بەرپرسانی هەرێمەوە دەستیان بەسەردا گیراوە رایگەیاند،" بەپێی ماددەكانی یاسای ژمارە 3، نابێت چاوپۆشی لە هیچ كەسێك بكرێت كە زەوی داگیركردووە، جا ئەو كەسە لە هەر ئاستێكدا بێت". 

 وتیشی، "سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێم دەستدەكرێت بە وەرگرتنەوەی سەرجەم ئەو زەوییانەی كە زیادەڕەوییان كراوەتەسەر".

بەپێی زانیارییەکان، وەرگرتنەوەی زەوییەکان بە چەند قۆناغێک دەبێت، لەوانە سەرەتا ئاگادارییەك بۆ خاوە زەوییەکە دەنێردرێت کە لەماوەی مانگێکدا زەوییەكە رادەست بکاتەوە، بەپێچەوانەوە دوای تەواو بونی وەدەکەی راستەوخۆ ئەو بینایە دەروخێندرێت کە لەسەر زەوییەكە دروستیكردووە و خاوەنەکەشی روبەروی سزای غەرامەو زیندانیکردن دەبێتەوە.


PM:01:32:05/07/2018