یەپەگە ئاماری شەڕی چوار ڕۆژی عەفرینی بڵاوکردەوە

یەپەگە ڕایگەیاند، لە ماوەى چوار ڕۆژدا لە دەوروبەرى عەفرین، زیاتر لە نۆ سەربازى تورکیا کوژاون و ژمارەیەکى دیکەش برینداربوون.

لە ڕاگەیەنراوێکی ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە ئاماژە بەوە کراوە، ڕۆژی ٣٠ی حوزەیران لەسەر ڕێگای نێوان ناوەندی عەفرین و ماباتا، سەربازێکی سوپای تورکیایان کوشتووە، هەروەها ڕۆژی ١ی تەموزیش لە شارۆچکەی شەرا، چوار سەربازى دیکەیان کوشتووە و سێ سەربازی دیکەش برینداربوون.

یەپەگە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ڕۆژى ٢ی تەموزدا، لە گەڕەکی مەحمودییەی عەفرین سێ سەرباز و لەسەر ڕێگای عەفرین بۆ ڕاجۆش، سەربازێکى دیکەیان کوشتووە، هەروەها لە ڕۆژى ٣ى ئەم مانگەش لە ناوچەى ئەحراری شەرقی، ژمارەیەکى دیکەى سەربازى تورکیایان کوشتووە. لەکاتێکدا تائێستا سوپای تورکیا هیچ لێدوانێکی لە بارەی کوژران و برینداربوونی ئەو ژمارە سەربازەوە نەداوە.

ئەو شەڕ و پێکدادانەی یەپەگە و سوپاى تورکیا لە دوای ئەوە دێت، کە دوای هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین و دەستبەسەردا گرتنی، لەو کاتەوە تائێستا بەردەوام شەڕ و پێکدادان لە نێوان شەڕڤانانى یەپەگە و سوپاى تورکیا ڕوودەدات.



AM:10:40:06/07/2018