پۆلیسی سلێمانی لەسەر روداوەکەی چەمچەماڵ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

پۆلیسی سلێمانی رایەگایند، شەوی ڕابردوو لە ناحیەی شۆڕشی سەربە قەزای چەمچەماڵ چوار تۆمەتبار دەستگیر كران كە هەستابوون بە تەقە كردن لە هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش.

بەگویڕەی راگەیەندراوێکی پۆلیسی سلێمانی کە وێنەیەکی بۆ "سپی" نێردراوە، تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو، "دوای ئەوەی بەفەرمانی دادوەر هێزەكانی پۆلیس و ئاسایشی قەزای چەمچەماڵ دەردەچن بە مەبەستی دەستگیركردنی تۆمەتبار (س ، ل ، أ ) و دوای گەیشتنیان هێزەكان داوا لە تۆمەتبار دەكەن، كە خۆی ڕادەستی هێزەكانی پۆلیس بكات، بەڵام ئامادە نابێت خۆی ڕادەست بكات و كاردانەوەی دەبێت بەوەی بەهاوكاری سێ‌ كەسی تر تەقە لە هێزەكان دەكات و بەوهۆیەوە 2 كارمەندی پۆلیس و 5 كارمەندی ئاسایش بریندار دەبن". 

ئاماژە بەوەشکراوە،" پاش ماوەیەكی كورت لە ڕوداوەكە و بەسەر پەرشتی ڕاستەوخۆی بەڕێز بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش توانییان تۆمەتباری سەرەكی و 3 تۆمەتباری تر بەپێی ماددەی 406-31 لەیاسای سزادانی عیراقی دەستگیر بكەن.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکدا پۆلیسی سلێمانی ئاشکرای کردووە، لەئێستاشدا بریندارانی ڕوداوەكە لە نەخۆشخانەن و چارەسەری پزیشكی وەردەگرن ، باری تەندروستییان جێگیرە. هاوکات لەلایەن بەشی پۆلیسی چەمچەماڵەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕوداوەكە كراوەتەوە و لێكۆڵینەوەی ورد بەردەوامە .



AM:11:35:09/07/2018