" مەسعود بارزانی پاڵێوراوە بۆ سەرۆک کۆماری عێراق "
فازل میرانی ئەو هەواڵە رەتدەکاتەوە

بەڵگەنامەیەک بەناوی پارتی و دەوڵەتی یاسا و قەوارەی فەتحەوە بلآودەکرێتەوە، بەپێی ئەو بەڵگەنامەیە مەسعود بارزانی لەلایەن ئەو سێ لایەنەوە پاڵێوراودەبێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، دوای بلآبوونەوەی ئەو بەڵگەنامەیە، نووسینگەی فازل میرانی بەڵگەنامەکە رەتدەکاتەوەو دەڵێت " ساختەیە".

بەڵگەنامەیەک کە رێکەوتی ٧ ی تەموزی لەسەرەو واژووی فازل میرانی و حەسەن السنەید و محەمەد ئەلهاشمی پێوەیە، باس لەرێککەوتنێکی ئەو سێ لایەنە دەکات کە هاوپەیمانییەک پێکبهێنن، بەپێی بەڵگەنامەکەش ئەو سێ لایەنە لەسەر شەش خاڵ رێککەوتوون، لەوانە کورد پاڵپشتی نوری مالکی بکات بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، بەرامبەرئەوەش ئەو دوولیستە پاڵپشتی مەسعود بارزانی بکەن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.

لە خاڵكێکی تردا هاتووە" ئیتلافی دەوڵەتی یاسا و فەتح پشتگیری هێنانی یەکێتی نیشتمانی و گۆڕان دەکەن بۆ نێو ئەو هاوپەیمانێتییە".

هەروەها لە خاڵێکی تردا ئاماژە بۆ دۆخی ناوچە جێناکۆکەکان دەکات و باس لەوە دەکات کە پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانەو لەگەڵ هیزە فیدراڵیەکان پێکەوە ئیدارەی ناوچەکە بکەن.

سەبارەت بەدۆسیەی نەوتیش هاتووە" گفتوگۆ دەستپێبکاتەوە تا لەرێگای هەرێمەوە نەوتی رەوانەی تورکیا بکرێت، هاوکات بەغدا زامنی ١٧% لە بوودجەی عێراق بۆ هەرێم بکات".

دوای ماوەیەکی کەم لە بلآوکردنەوەی ئەم بەڵگەنامەیە، نووسینگەی فازل میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەروونکردنەوەیەکدا بۆ رای گشتی ئەو زانیاریانەو ئەو جۆرە رێککەوتنە رەتدەکاتەوەو بەبەڵگەنامەیەکی "ساختە "و مەلەکردن " لەئاوی لێڵدا" ناوزەد دەکات.   



PM:06:05:09/07/2018