عومەری سەید عەلی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا چی بە جڤاتی گشتی راگەیاند؟

رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، عومەری سەید عەلی ئەمڕۆ بە جڤاتی گشتی راگەیاندووە، ئەو ماڵ و موڵکەی کە بۆتە جێگای گفتوگۆ، موڵکایەتیەکەی دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی دروستبوونی کۆمپانیای وشەو موڵکی کاک نەوشیروان مستەفایە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە، عومەری سەید عەلی لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی لەگەڵ جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕندا لە وەلآمێکدا لەسەر ماڵ و موڵکی گۆڕان، عومەری سەید عەلی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ماڵ و موڵکی گۆڕان هەر لەسەرەتاوە کە کۆمپانیای وشە دامەزراوە، مام جەلال لەگەڵ کاک نەوشیروان رێکەوتووە، لە دوای کۆچی دوایی کاک نەوشیروانیشەوە لەبەردەستی کورەکانیدایەو ئەوانیش بۆ بزووتنەوەی گۆڕان بەکاری دەهێنن و دامەزراوەکانی گۆڕانی پێ بەڕێوە دەبەن.

هەروەها عومەری سەید عەلی بەناراستەوخۆ هێمای بۆ ئەوە کردووە کە ئەوەی ئەو دۆخەی بەدڵ نییەو شوێنێک شک دەبات دەتوانێت بڕوات.

بڕیارە سبەی پێنج شەممە جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوە بکات و ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەم پرسە یەکێک دەبێت لە بابەتەکانی کۆبوونەوەکە.

میدیای فەرمی گۆڕان بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی جڤاتی گشتیدا كە بە سەرپەرشتی عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی گۆڕان بەڕێوەچوو، گفتوگۆكرا سەبارەت بە پرسی رێكخستنەوەی پەیكەری رێكخراوەیی بزووتنەوەی گۆڕان ‌و ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان.

لەو كۆبوونەوەیەدا وەک ئەو میدیا باسی کردووە لە ئامادەكارییەكانی گۆڕان كراوە بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی هەرێمی كوردستان كە بڕیارە 30 ئەیلولی داهاتوو بەڕێوەبچێت.

بەپێی میدیای گۆڕان، لە كۆبوونەوەی جڤاتی گشتیدا چەند پێشنیازێك ئاڕاستەی جڤاتی نیشتمانی كراوە بۆئەوەی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیاریان لەبارەوە بدەن.

لای خۆیەوە رەئوف عوسمان سەرۆكی جڤاتی گشتی گۆڕان بە میدیای حزبەكەی رایگەیاندووە كە سەرجەم ئەو تەوەرانەی گفتوگۆیان لەبارەوە كراوە كراونەتە پێشنیازو ئاراستەی جڤاتی نیشتیمانی كراون تا لەکۆبونەوەكەی پێنجشەممەدا گفتوگۆیان لەبارەوە بکات و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدات.

لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ١٢ ی ئایارەوە کێشەکانی نێو گۆڕان لەسەر سەرکردایەتیکردنی بزووتنەوەکە قوڵ بۆتەوە، هەندێکیان پێیانوایە هەرچی دەسەلآتی ئیداری و دارایی و میدیا و دیبلۆماسییە کەوتۆتە دەست کوڕەکانی نەوشیروان مستەفاو هیچ دەسەلآتێک بۆ خانەی راپەڕاندن و رێکخەرەکەی نەماوەتەوە، بەلآم ئاراستەکەی تر پێیانوایە کە کورەکانی نەوشیروان مستەفا" چیا و نما " چاویان لەهیچ پۆستێک نییە و تێکڕای قورسایی خۆیان و ئەو توانا دارایی و ئیداریو میدیایانەی هەیانە خستویانەتە خزمەتی بزووتنەوەکەوە.

PM:11:17:11/07/2018