مەسعود بارزانی سەرپەرشتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی حیزبەکەی دەکات

وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایدەگەیەنێت " بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان مەسعود بارزانی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی ئەمجارە دەكات”.

مەحمود محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان بە تەلەفزیۆنی فەرمی پارتی ڕاگەیاند " دوای كۆبوونەكانی مەكتەبی سیاسی پارتی، وەك پارتی و یەكێتی رێككەوتووین پێكەوە و بەیەك بەرنامەی هاوبەش، كە بابەتی عیراقی و كوردستانی لە خۆدەگرێت بچینە بەغدا، پێشمان باشە لایەنە سیاسیەكانی دیكەی كوردستانیش لەو هاوپەیمانیە بەشداربن".

وتەبێژەكەی پارتی ئاشكراشیكردووە، لە ئێستادا حزبەكەی لە هەوڵدایە پێداچوونەوە، بە لیستی ناوی ئەو كەسانەدا بكات، كە دیاریكراون بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و مەسعود بارزانی-یش راستەوخۆ سەرپەرشتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی ئەمجارە دەكات.

وتەبێژەکەش لە درێژەی وتەکانیدا ڕایگەیاندووە " سەردانی ئەم دواییەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا و ئەوروپا نیشانەی شكاندنی ئەو بەستەڵەكانەیە، كە كاریان دەكرد بۆ پەراوێزخستنی سیاسی و ئابووری هەرێمی كوردستان" .

ئەو لێدوانەی وتەبێژی پارتی لە کاتێکدایە کە دۆخی پارتی بەبەراورد بە حیزبەکانی تر لە باشوری کوردستان جێگیرترەو بێ کێشەترن و ئەو حیزبە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ١٢ ی ئایاردا توانی ٢٥ کورسی بەدەستبهێنێت و بەچەندین کورسی پێش حیزبەکانی تری باشوری کوردستان بکەوێت.



PM:09:56:12/07/2018