عەبادی چەند بڕیارێکی لەبارەی خۆپیشاندانەکانەوە دەرکرد

سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی خۆپیشاندەرانەوە حەوت بڕیاری دەرکرد، کە خۆی لە جێبەجێکردنی داخوازییەکانی هاوڵاتیان دەبینێتەوە.

پاش فراوانبوونی بازنەی خۆپیشاندانەکان کە زۆرینەی پارێزگاکانی عێراقی گرتەوە، حەیدەر عەبادى، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا ٣.٥ تریلیۆن دینار بۆ بەسرە تەرخان بکرێت و پارەکە بۆ باشکردنى کەرتى ئاو و تۆڕى کارەبا و کەرتى تەندروستى خەرج دەکرێت.

 هەروەها بڕیاریدا، کە کەرتی وەبەرهێنان لەو پارێزگایانە فراوان و خێرا بکرێن بە تایبەت لە بوارەکانی نیشتەجێبوون و پەروەردە و خزمەتگوزاریەکاندا.

لە بڕیارێکی دیکەی عەبادیدا هاتووە، ئاوى زیاتر بۆ پارێزگاکانى بەسرە و زی قار و موسەننا و دیوانیە بەردەدرێتەوەو هەلی دامەزراندنیش  بۆ بێکارەکان دەڕەخسێنرێت لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنى بەڕێوەبردنى فرۆکەخانەى نەجەف.

ماوەی چەند رۆژێکە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی نەبونی دەرفەتی کار و کێشەکانی ئاو و کارەباوە خۆپیشاندان لە شارەکانی باشوری عێراق سەریهەڵداوە و شەوی ڕابردووش لە بەغدای پایتەخت خۆپیشاندان دەستیپێکرد، بەوهۆیەشەوە لە پاش نوەڕۆی رۆژی شەممەوە هێڵەکانی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان ڕاگیراون.




AM:12:12:15/07/2018