هێزێکی تایبەت رەوانەی بەسرە دەکرێت
لە خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆدا چەند هاوڵاتییەک بوونە قوربانی

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٥ی تەمووز، خۆپیشاندان و ناڕەزایی هاوڵاتیانی بسرە دەستیپێکردەوەو بە هۆی تەقەی هێزە ئەمنییەكانەوە چوار خۆپیشاندەر برینداربوون.

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئەمنی بەسرە بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی بەشێک لە خۆپیشاندەر هەوڵیاندا هێرشبكەنەسەر باڵەخانەی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەمەبەستی رێگریکردن لێیان ئاو و گازی فرمێسک رێژیان بەکارهێناوە

ئاژانسەکە باسی لەوەشکردووە، کە بە تەقەی هێزە ئەمنییەكان، کە بە ئاسماندا بۆ بڵاوپێکردنی خۆپیشاندەران کردوویانە، چوار کەس برینداربوون.

هەروەها لەلایەکی دیکەوە بە بڕیاری حكومەتی عێراق هێزێكی تایبەتی، کە سەر بە هێزی بەرپەرچ دانەوەی خێرایە، رەوانەی بەسرە كراوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر رووداوێك كە بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە رووبدات.

لە رۆژی ٧ی ئەم مانگەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە پارێزگاکانی باشوری عێراق  دژی خراپی خزمەتگوزارییەکان و نەبونی ئاو و کارەبای بێکاری سەریهەڵداوەو لەرۆژی هەینیشەوە دوای پشتگیریكردنی داواكانی خۆپیشاندەران لەلایەن عەلی سیستانیەوە، بازنەی خۆپیشاندانەکان فراوانتربوون و بۆ ئەو مەبەستەش هێزێکی زۆری ئەمنی بڵاوەیان پێکراوەو لە چەند پاریزگایەکیش باری نائاسایی راگەیەندراوە، هاوکات تپڕە کۆمەڵایەتییەکانیش لە کار خراون.





PM:12:11:15/07/2018