سێیەمین کۆنگرەی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات بەڕێوەچوو

رۆژی دووشەممە بە ئامادەبوونی ٢٧٠ ئەندام و دەیان میوانی بیانی سێیەمین کۆنگرەی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات- مەسەدە، لە تەبقای باکوری سوریا کۆتایی پێهات و پاشان ئەنجامی کۆنگرەکە لەلایەن هاوسەرۆکە نوێکانی مەسەدەوە ڕاگەیەندرا.

بەپێی ئەنجامی کۆنگرەکە، ئەمینە عومەر و ڕیاز دەرار وەک هاوسەرۆکانی مەسەدە و ئیلهام ئەحمەدیش وەک سەرۆکی دەستەی بەڕێوبەری مەسەدە هەڵبژێردران، هەروەها ٤١ کەس وەک ئەندامانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنەکە دیاریکران، کە ٢٠یان ژن بوون.

کۆنگەرەکە بە دروشمی "بەرەو چارەسەرییەکی سیاسی و دامەزراندنی سوریایەکی دیموکراتی لامەرکەزیی" ئەنجامدرا و نزیک بە ٣٠٠ کەس لە نوێنەرانی حزبەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، ڕێکخراوەکانی خۆبەڕێوبەریی دیموکرات و کەسایەتییە نیشتمانییەکان تێیدا ئامادەبوون.

لە ئەنجامنامەی کۆنگرەکەدا هاتووە، لە پرۆژەی پێکهێنانی سوریای دیموکراتدا پێویستمان بە بۆچوونی دیموکراتەکان و بەرپرسیارێتیی ڕێکخراوەکان هەیە، هەروەها پێویستە خۆمان دوور ڕابگرین لە پاراستنی بەرژەوەندییە حزبییەکان.

هەروەها بەشداربوانی کۆنگرەکە جەختیان کردەوە سەر، چارەسەریی سیاسیی و دیالۆگ بۆ دەربازبووون لەو قەیرانانەی سوریای گرتووەتەوە، دۆزی نیشتمانیش لەسەر بنەمای چارەسەریی دۆزی کۆمەڵگا و دۆزی پێکهاتەکانی سوریا، وەک میکانیزمی ئەنجومەنەکە ڕاگەیەندرا.

بەشداربوانی کۆنگرەکە باسیان لەوەشكرد، کە دامەزراندنی مەسەدە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوەیەکی کارامە بووە و پێکهاتنی سوریایەکی دیموکرات هیوای هەموو پێکهاتەکانی کورد، عەرەب، سوریان، ئاسور و تورکمانەو، دەبێت کۆتایی بە دەستێوەردانەکان و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە خاکی سوریادا بهێندرێت و ئەرکی هەمووانە کە بۆ ڕزگارکردنی عەفرین تێبکۆشن.




AM:10:03:17/07/2018