حەیدەر عەبادی: بەمنزیکانە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن رادەگەیەنرێت

حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند " بەم نزیكانە ئەنجامەكانی ئەو پرۆسەیە رادەگەیەنرێت".
 
ئەمڕۆ ١٧ ی تەموز سێ شەممە لەمیانی كۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، رایگەیاند”كارێكی ماندونەناسانە دەكرێت بۆ تەواوكردنی پرۆسەی ژماردنەوەو جیاكردنەوەی دەنگەكان بەدەست و راگەیاندنی ئەنجامەكان بەم نزیكانە.”
 
سەرۆک وەزیران لەبارەی ئەو خۆپیشاندانانەی كە چەند رۆژێكە بەشێكی زۆری شارو شارۆچكەكانی باشوری عێراقی گرتۆتەوە، وتی”ئێمە لەگەڵ خۆپیشاندانەكانداین بۆ داواكردنی مافە رەواكان، بەڵام بەو مەرجەی پەنا نەبرێتە بەر توندوتیژی.”و داوای کرد خۆپیشاندەران كرد هاوكاری حكومەت بكەن بۆ دۆزینەوەی "تێكدەران و ئەوانەی ئاسایشی گشتییان كردۆتە ئامانج.”
 
جەختی کردەوە "بەدواداچون بۆ داخوازییەكانی خۆپیشاندەران دەكەین، فەرمانمان داوە بە جێبەجێكردنی ئەو داخوازیانەی خۆپیشاندەران كە دەكرێت لەم كاتەدا بەدیبهێنرێن.”
 
ئەوە لە کاتێکدایە کە وەفدێکی وەزارەتی کارەبا دەچێتە سعودیە بۆ باسکردنی پرسی کارەبا لەگەڵ ئەو وڵاتە، هەروەها دەوڵەتی کویەت بڕیاری یارمەتیدانی دابینکردنی ئاوی بۆ بەسرە داوە.



PM:10:26:17/07/2018