هەنگاو: دادگای ئێران رامین بەمەبەستی لە سێدارەدانی دەگوازنەوە بۆ بەندیخانەی کەرەج

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی (هەنگاو) رایدەگەیەنێت، بەرپرسانی دادوەریی ئێران بەنیازن ڕامین حسێن پەناهی، بەمەبەستی لە سێدارەدان بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج بگوازنەوە.

ماڵپەڕی هەنگاو لەزاری سەرچاوەیەکی ئەمنیەوە لە زیندانی سنە بڵاویکردەوە، دەزگای دادوەریی ئێران بە بەرپرسانی بەندیخانەی سنەی ڕاگەیاندووە، کە بەمەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمی سێدارەی ڕامین حوسێن پەناهی، ئامادەکاری گواستنەوەی ناوبراو بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج بکەن.

 ئاماژەی بەوەشداوە، کە دەزگای دادوەریی ئەوەشی وتووە کە دەبێ لەمانگی گەلاوێژ ڕامین بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج بگوازرێتەوە.

ماڵپەڕەکە باسی لەوەشکردووە، کە حکومەت لە ترسی کاردانەوەی خەڵکی شاری سنە دەیەوێ ڕامین حوسێن پەناهی لە بەندیخانەی کەرەج لەسێدارە بدات.

هاوینی ساڵی ڕابردوو ڕامین حسێن پەناهی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە لە شاری سنە دەستگیرکرا و ٢٥ی کانونی دووەمی ئەمساڵ لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بەتۆمەتی هەڵگرتنی چەک و هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و ئەندامێتیی لە حیزبی کۆمەڵە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

حوکمی سێدارەی ئەو بەندکراوە کوردە لەکاتێکدا سەپێندراوە کە ناوبراو هەموو ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵی بەتایبەت بەشداری لە شەڕێ چەکدارانە ڕەتکردووەتەوەو پارێزەرەکەشی ئەم حوکمەی بە چاوەڕوان نەکراو و نادادپەروەرانە ناوبردووەو تانەی لە بڕیارکەداوە،بەڵام تانەکەى لەلایەن دادگاوە رەتکرایەوە.


AM:09:42:20/07/2018