چوار کەس بۆ سەرۆکی لیستی گۆڕان کاندیدن
دیاریکردنی کاندیدەکان کێشەی لەناو گۆڕاندا دروست کردووە

ئەمڕۆ لیژنەی باڵای هەڵبژاردن بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی سەرۆکی لیستی گۆڕان بۆ پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەیان ئەنجامدا و چوار کەس خۆیان بۆ سەرۆکی لیستەکە دیاریکردووە کە دوو پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان و دوو پەرلەمانتاری ئێستای ئەو حزبەن.

بە گوێرەی زانیارییەکانی سپی میدیا، هەریەکە لە عەبدوڵای مەلا نوری و کوێستان محەمەد، پەرلەمانتارانی پێشووی گۆڕان و برۆز مەجید و عەلی حەمە ساڵح خۆیان بۆ سەرۆکی لیستی گۆڕان کاندید کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدا دێت کە ئەو لیژنە باڵایە پێشتر بڕیاریاندابوو کە ئەندامانی ئەم خولەی پەرلەمان، مافی خۆ کاندیدکردنیان نەبێت تا دەرفەت بدرێت بە نەوەیەکی دیکەی بزووتنەوەکە خۆیان کاندید بکەن.

ئەمڕۆ شەممە ئەو لیژنە باڵایەی هەڵبژاردن چوار کۆبوونەوەی جیاواز لەگەڵ خانەی ڕاپەڕاندن و سەرۆکی فراکسیۆنەکان و بەرپرسی ژورەکان و باژێڕوانانی بزووتنەوەکە ئەنجام دەدات و زۆرینەی دەنگەکان بۆ ئەوە دەچن عەبدوڵای مەلا نوری ببێتە سەرۆکی لیستەکە، بەڵام ناکۆکی لەو بارەیەوە هەیە محەمەد تۆفیق ڕەحیم، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن دژی دیاریکردنی عەبدوڵای مەلا نورییە و دەیەوێت برزۆ مەجید بکرێتە سەرۆکی لیستەکە و ئەوانەشی پاڵپشتی ئەم بۆچوونە دەکەن ئەو پەرلەمانتارانەی ئێستای گۆڕانن کە دایانەوێت دەرفەتیان پێ بدرێت جارێکی دیکە کاندید ببنەوە،

تا ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە کە ئایا پەرلەمانتارەکانی ئێستا بۆیان هەیە خۆیان کاندید بکەنەوە لەسەر لیستی گۆڕان یاخود نا بەڵام ٣٠٠ سی ڤی بەدەست ئەو لیژنە باڵایە گەیشتووە تا لیستی بزووتنەوەکەی لێ دروست بکرێت.



PM:05:02:21/07/2018