گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ و بزووتنەوەی ئیسلامی بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە

چوار فراکسیۆن لەپەرلەمانی كوردستان بەیاننامەیەكیان لەسەر پەلاماردانی باڵەخانەی پارێزگای هەولێر و تۆمەتباركردنی سەلیم شوشکەیی بڵاوكردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە هەریەك لە فراكسیۆنی، (گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ و بزووتنەوەی ئیسلامی) لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی پەلاماری باڵەخانەی پارێزگای هەولێر و تۆمەتباركردنی پەرلەمانتارێكی كۆمەڵ کردو رایانگەیاند، "ناوهێنانی مامۆستا سەلیم شوشكەیی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، بۆ شكاندنی كەسێتی و ناوزڕاندن و لەكەداركردنەو تۆمەتی بێ بەڵگە و بێ بڕیاری دادگایەو ڕەدی دەكەینەوە".

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
بەیاننامەی چوار فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستان لەسەر پەلاماری بینای پارێزگای هەولێرو تۆمەتباری كردنی ناڕەوای چەند كەس و لایەنێك.

لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان بەدۆخێكی قەیراناوی دا گوزەر دەكات بەداخەوە پەلاماری بینای پارێزگای هەولێر دەدرێت، بەتوندی ئیدانەی ئەو پەلامارە دەكەین، پێویستە دەزگا ئەمنیەكان بەوریایی زیاترەوە هەوڵی پاراستنی دامەزراوە حكومیەكان و سەروماڵی هاوڵاتیان بدەن.

پاش پەلاماری بینای پارێزگای هەولێر لێدوانی چەند بەرپرسێكی حكومی و ئەمنی شاری هەولێر بۆ تۆمەتباركردنی كەسانێك پێش لێكۆڵینەوەو بڕیاری دادگا كارێكی نایاساییەو بۆ متمانەی نێوان هاوڵاتیان و دەزگا ئەمنیەكان كەم دەكاتەوە.

لەپەنای ئەو ڕوداوانەدا ناوهێنانی مامۆستا سەلیم شوشكەیی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق، بۆ شكاندنی كەسێتی و ناوزڕاندن و لەكەداركردنەو تۆمەتی بێ بەڵگە و بێ بڕیاری دادگایەو ڕەدی دەكەینەوە، بە پاكتاوی سیاسی و مەرامی حزبی دادەنێن.

خوازیاریشین دەزگا ئەمنیەكان بێلایەنی خۆیان بپارێزن و بەكارنەهێنرێن بۆ دژایەتی هیچ كەس و لایەنێك.

فراكسیۆنی گۆڕان
فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی 
فراكسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی
فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی


PM:05:24:26/07/2018