لە بەغداو باشوور خۆپیشاندانی گەورە بەڕێوە دەچێت
هێزە ئەمنییەکان لە ئامادە باشیدان
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی ٢٧ ی تەموز خۆپیشاندانی گەورە لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی باشووری عێراق بەڕێوەدەچێت، هێزێکی ئەمنی گەورە بۆ بەرگرتن لە فراوانبوون و تەشەنەسەندنی خۆپیشاندانەکان کۆکراونەتەوە.
بڕیارە لە پێناو چاککردنی گوزەرانی خەڵک و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان ئەمڕۆ هەینی لە بەغدا خۆپیشاندانی گەورە لە مەیدانی تەحریر بەڕێوە بچێت، هێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکی بەرفراوان لەناوچەی خۆپیشاندانەکە کۆبوونەتەوەو، هێزێکی ئەمنی گەورەش چواردەوری ناوچەی سەوز و دەرگاکانیان کۆنترۆڵکردووە لەبەر دووبارەنەبوونەوەی روووداوەکانی هەینی رابردوو کە خۆپیشاندەران هەوڵیان دا بچنە نێو ناوچەی سەوزەوە کە شوێنی حکومەت و دەزگا گرنگەکانی دەوڵەت و زۆربەی باڵوێزخانەی ولآتانی جیهانە.
هەروەها چالاکوانانی خۆپیشاندەران لەشارەکانی باشوور خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی گەورە، ئەمە لە کاتێکدایە کە هێلەکانی ئێنتەرنێت کە لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە راگیرابوون، چەند رۆژێکە کراونەتەوە کە چالاکوانان دەتوانن سوودی لێوەربگرن بۆ سازدانی خۆپیشاندانەکانیان.
لە خۆپیشاندانی شارەکانی باشوور و شاری بەغدا ١٣ هاولآتی کورژراون و بەسەدانی تر لە خۆپیشاندەر و هێزە ئەمنییەکان برینداربوون و، دەیان بارەگای حیزبەکان و حکومی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە کۆنترۆڵکراون، یان سووتێنراون.
PM:12:22:27/07/2018