شاناز شوێنی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەگرێتەوە

تایبەت بە سپی

بەهۆی ئەو نەخۆشیەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ماوەی سێ ساڵە توشی بووە، بە رەزامەندی ناوبراو بنەماڵکەی کار بۆ هێنانە پێشەوە و شوێنگرتنەوەی لە لایەن شاناز ئیبراهیم ئەحمەدەوە دەکەن، هەر بۆ ئەو مەبەستەش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە شاری سلێمانی نوسینگەیەکی تایبەت بۆ شاناز کرایەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی سپی ماوەی سێ ساڵە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد (٧٠ ساڵ) توشی نەخۆشی " بیرچوونەوە "  بووەو لە دوای کۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی هاوسەرییەوە، زیاتر نەخۆشییەکەی ڕەنگدانەوەی لەسەری هەبووە و ئەمەش وایکردووە کەمتر بەشداری بۆنە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان بکات.



سپی زانیویەتیی، لە ئێستادا بنەماڵەکەی کار بۆ هێنانە پێشەوە شاناز ئیبراهیم دەکەن بۆ ئەوەی لە ئایندەدا لە ڕووی سیاسیی و کۆمەڵایەتیشەوە شوێنی هێرۆ ئیبراهیم بگرێتەوە، بە تایبەت کە لە ئێستادا شاناز ئیبراهیم جگە لەوەی بەرپرسی ڕێکخستنەکانی دەرەوەی یەکێتییە هیچ پۆستێکی لە هەرێم نییە و ڕۆژی ٦ی ئەم مانگەش نوسینگەیەکی تایبەتی لە سلێمانی بۆ کرایەوە کە زیاتر مەبەست لێی کارکردنیەتی لە ناو هەرێمی کوردستان و کاربۆئەوەشدەکرێت کە لەمەودوا لەحیزبیشدا لە ناوخۆی هەرێمدا پۆستی پێ بدرێت.


هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، لە ساڵی ١٩٤٨ لە دایکبووە و هاوسەری جەلال تاڵەبانی سکرتێری کۆچکردووی یەکێتییە و هەروەها کچی ئیبراهیم ئەحمەد، نوسەری دیاری و سیاسەتمەداری کۆچکردووی کوردە، ئەو دەروناسی تەواوکردووە و خاوەنی دوو کوڕە کە یەکێکیان جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتە و کچە گەورە و منداڵی یەکەمی خێزانەکەیەتی.


لە کاتی کردنەوەی ئۆفیسی تایبەتی شاناز ئیبراهیم و بڵاوبوونەوەی وێنەکاندا، ڕاستەوخۆ کاردانەوەی لێکەوتەوە ئەویش بەهۆی ئەوەی کە لە پشتی سەری خۆیەوە و لەگەڵ ئاڵای یەکێتی و کوردستان وێنەی ئیبراهیم ئەحمەدی باوکی هەڵواسیوە و، لە لایەکی دیکەوە لەسەر دیواری لایەکی ژوورەکە وێنەی جەلال تاڵەبانی هەڵواسیوە.


شاناز لەهێرۆی خوشکی بچوکترە و هاوسەری لەتیف ڕەشیدە کە پێشتر بۆ دوو خول وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بووە و لە ئێستاشدا ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری عێراقەو خۆی وەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی کۆماری ئایندەی عێراق پالآوتووە.



PM:10:07:08/08/2018