کارگەیەکی چەک و تەقەمەنیی تەقیەوە

کارگەیەکی چەک و تەقەمەنیی سوپای بەریتانیا لە باشووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە تەقییەوە و قوربانی لێکەوتەوە.

تەقینەوەکە دوێنێ هەینی 10/8/2018 لە هەرێمی ویڵشایەر لە نزیک شاری سالیزبۆری لە کارگەی چیمرینگ کاونتەرمەیجەرز بۆ دروستکردنی چەکی و تەقەمەنی، رووی داوە.

کارگەکە دەکەوێتە دووریی چەند کیلۆمەترێک لە تاقیگەی پۆرتۆنی سەر بە وەزارەتی بەرگریی بەریتانی، کە لێکۆڵینەوەی لە هێرشی گازی ژەراوی بۆ سەر سیخوڕە رووسییەکە، کردووە.

بەهۆی تەقینەوەکەوە، کە تا ئێستا هۆکارەکەی ئاشکرا نەکراوە، کەسێک گیانی لەدەست داوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.

سێرگی سکریپاڵ ئەفسەرێکی دەزگای هەواڵگریی سەربازیی رووسیا بوو. کاری بۆ دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا دەکرد و دواتر ئاشکرا بوو و دەستگیر کرا. لە ساڵی 2010 لە میانەی گۆڕینەوەی سیخوڕە دەستگیرکراوەکان، ئازاد کرا و نێردرایە بەریتانیا.

رۆژی 4/3/2018، لاشەی سێرگی سکریپاڵ و کچەکەی بەبێ هۆشی لە شەقامێکی شاری سالیزبوری لە باشووری بەریتانیا دۆزرایەوە. حکوومەتی بەریتانیا رایگەیاندووە، کە ئەو بە گازێکی کیمیاوی هێرشی کراوەتە سەر.



AM:09:35:11/08/2018