دادگای فیدڕاڵی لەسەر پێکهێنانی سێ سەرۆکایەتیەکە هاتە دەنگ

وتەبێژى دادگاى فیدراڵى عێراق ڕایگەیاند، بەپێى دەستور پێکهێنانى سێ سەرۆکایەتیەکەى عێراق لە دواى ڕاگەیاندنى ئەنجامى ژماردنەوەى دەستى دەنگەکان دەست پێدەکات.

ئیاس ساموک، وتەبێژى دادگاکە ئاماژەى بەوەشداوە، قۆناغى تانەدان لە ئەنجامى هەڵبژاردنەکان دوو هەفتە دەخایەنێت و لە ماوەى سێ ڕۆژیشدا تانەکان دەدرێنە دەستەى دادوەرى.

باسى لەوەشکردووە، لە ماوەى دە ڕۆژدا وەڵامى تانەکان دەدرێتەوە و دواى ئەوەش کۆمسیۆن لیستى کۆتایى ڕەوانەى دادگاى فیدڕاڵى دەکات بۆ ئەوەى پەسەند بکرێت.

٩ى ئەم مانگە کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، ئەنجامى ژماردنەوەى دەستى دەنگەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى راگەیاند و هیچ گۆڕانکارییەکى ئەوتۆ لە ژمارەى کورسی لایەنەکان ڕووینەداوە.



PM:12:13:11/08/2018