وادەی یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان دیاری کرا

نوسینگەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، سبەینێ یەکەم ڕۆژی زیلحیجەیە و ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ئاب یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانە.

بەگوێرەی ئەو کاتانەی کە بۆ ڕۆژەکانی ساڵی ١٤٣٩ی کۆچی دانراوە و لەلایەن نوسینگەی سیستانییەوە بڵاوکراوەتەوە، پێشبینیی کردووە کە دەرکەوتنی مانگی زیلحیجە لە ئێوارەی یەکشەممە ٢٩ی زولقیعدەیە، کە بەرامبەرە بە ١٢ی ئاب لەکاتی ڕۆژئاوابوون لە کاتژمێر ٦:٥٠ خولەکی ئێوارە لە ئاسۆی شاری نەجەف ببینرێت.

نوسینگەی سیستانی ئاماژەی بەوەش کردووە، لەم حاڵتەدا پێشبینی دەکرێت مانگ بە ڕوونی ببینرێت، بۆیە ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ئاب یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەپێی بەشێک لە سەرچاوە سعودییەکان، ڕۆژی ٢١ی ئەم مانگە کە دەکاتە سێشەممە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان دەبێت.

ماڵپەڕی ویئامی سعودی لە زاری ڕوانگەی گەردونناسی لە زانکۆی مەجمەعی سعودییەوە بڵاویکردەوە، ئێوارەی دوێنێ مانگ بینراوە و ئەمڕۆش یەکەم ڕۆژی مانگی زیلحیجەیە و دەڵێت "ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی مانگ عەرەفەیە و ڕۆژی سێشەممەش ٢١ی مانگ یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانە".

ئەوەش لەکاتێکدایە کە پێشتر پێشبینییەکانی فەلەکناسان ئاماژەیان بەوە کردبوو، یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان دەکەوێتە ٢٢ی ئەم مانگەوە.

هاوکات دوێنێ یابان و ئەندەنوسیا و مالیزیا و سەنگاپورە و برونامی ڕایانگەیاند، ١٢ی ئاب تەواوکەری مانگی زولقیعدەیە و یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان دەکەوێتە ٢٢ی ئەم مانگەوە.



PM:05:48:12/08/2018