ئێران بڕیاریدا هەموو جۆرە دانوستانێک لەگەڵ ئەمریکا رەتبکاتەوە

رێبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران بڕیاریدا هەموو جۆرە گفتوگۆیەك لەگەڵ ئەمریكا قەدەغە بكات، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک  بۆ ئەو سزا ئابوریانەی ئەمریکا بەسەر وڵاتەکەیدا سەپاندویەتی.

ئەمڕۆ دووشەممە ١٣ی ئاب، عەلی خامنەئی لە میانی کۆبونەوەیەکی جەماوەری ڕایگەیاند، بابەتی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا پرسێکی نوێ نییە و لەسەرتای شۆڕشی ئێرانەوە هەبووە، بەڵام ئێستا هاوكێشەكە گۆڕاوە و جارێكی دیكە دانوستان ئەنجام نادەین.

هەروەها هۆکاری ئەنجامنەدانی گفتۆگۆی لەگەڵ ئەمریکا بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە ئەمریکا
 بە پشتبەستن بە هێز و پارە گفتوگۆ و دانوستان دەکەن و لەکاتی دانوستانیشدا هەموو ئامانجە سەرەکییەکانیان دیاری دەکات و یەک هەنگاو لە ئامانجەکانیان ناکشێتەوە.

خامنەئی لەبارەی دابەزینی بەهای دراوی ئێرانی  و کاریگەری لەسەر وڵاتەکەی وتی، بەپێی ڕای شارەزایانی ئابوری و زۆرێک لە بەرپرسانی ئێران دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانی بۆ بێ پلانی و سیاسەتەکانی ناوخۆ دەگەڕێتەوە، نەک هۆکاری دەرەکی.

وتیشی، 
ناتوانین بڵێن گەمارۆکان کاریگەرییان نییە، بەڵام هۆکاری سەرەکی دابەزینی بەهای دراو بۆ هەڵسوکەوت و بڕیارەکانی دەوڵەت دەگەڕێتەوە.

رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران  باسی لەوەشكرد، کە  گران بوونی پێداویستییە خۆراكییەكان و شوێنی نیشتەجێبوون گوشاریان لەسەر هاووڵاتییانی ئێران دروست كردووە و گەلی ئێرانیش هەست بە سەختی گوزەران دەكەن، بۆیە  ئەگەر دابەزینی بەهای ریا بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەوا زەرەرمەندی یەكەم چینی فەرمانبەران دەبن و هیچیان لە مووچەكانیان بۆ نامێنێتەوە.



PM:02:16:13/08/2018