مەسعود بارزانی جەخت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکاتەوە لەکاتی خۆیدا

لە وتاری دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرۆکەکەی مەسعود بارزانی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردندا نین.

بارزانی لە وتەیەکدا کە بەرپرسانی حیزبەکەی و نوێنەری ژمارەیەک حیزبی تر بەشداربوون رایگەیاند " چارەسەری دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنە نەک دواخستنی، بەراشکاویی دەیڵێم ئێمە وەک پارتی لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نین و لەگەڵی نابین. هەروەها داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد پێکەوە بچنە بەغدا وگوتی، ئەمە پرسێکی نەتەوەیی و چارەنووسسازە بۆ هەموومان، حەقە دەست لە یەکترشکاندن و دژایەتی یەکدی هەڵگرین".

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بارزانی هەڵبژاردنی بە چارەسەرێک بۆ ئەو دۆخە زانی و رایگەیاند: "بۆ چاککردنی دۆخی ناوخۆ کە هەموومان گلەییمان هەیە لەو دۆخە، دەبێت چاکسازیی بکرێت و هەنگاوی زۆر گەورە بهاوێژرێ، بەڵام بەڕاستی ئەمە لەکاتێکدا دەبێت کە هەڵبژاردنێکی ناوخۆییش بکەین بۆ هەرێمی کوردستان و حکومەتێکی نوێ و حکومەتێکی بەهێز دابمەزرێت، بۆ ئەوەی هەمووشمان پشتیوانی لێبکەین بۆ نەهێشتنی ئەو کەموکوڕییانە و دەستکردن بە چاکسازییەکی بنەڕەتی لە هەموو بوارێکدا".

مەسعود بارزانی لەدرێژەی قسەکاندیا وتی: "ئیدی ئومێدەوارم لەجیاتی ئەوەی بیر لەوە بکرێتەوە هەڵبژاردن دوابخرێت بیر لەوە بکەینەوە چۆن هەموومان پێکەوە هەڵبژاردنێکی بێگەرد و بێ گیروگرفت و شەفاف ئەنجام بدەین، فەرموون لە یوئێن، لە رێکخراوەکانی بیانی لە چاودێریی ناوخۆمان چ پێویستە بکرێت بۆ ئەوەی چاودێریی بکرێت و نەهێڵین هیچ گلەییەک بێتە سەر ئەو هەڵبژاردنە و هەڵبژاردنەکە ئەنجام بدرێت و بەرەو دامەزراندنی حکومەتێکی بەهێز بچین، ئەمە چارەسەرە و من لێرەدا دەمەوێت بە راشکاوی بڵێم، وەکو پارتی بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نین و لەگەڵیشی نابین".

سەرۆکی پارتی راشیگەیاند "ئێستا کاتی ئەوەیە هەموو لایەک بەخۆماندا بچینەوە و لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەینەوە و پارتی دەستی برایەتی، هاوکاریی و دۆستایەتی بۆ هەموو لایەک درێژ دەکاتەوە. ئێمە پێکەوە دەتوانین دەستکەوتی گەورە بەدەستبهێنین، ئەگەریش بەوردیی سەیر بکەین هەرچی دەستکەوتی گەورەیە کە بەدەستهاتووە لەوکاتانەدا بووە کە ئێمە تەبا بووین و پێکەوە بووین. پێویستە ئێمە عیبرەت لەو ئەزموونە وەربگرین".

بارزانی وتیشی "بە رەغمی هەموو کەموکوڕییەکانی کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق روویاندا بەڵام واقعێک ئێستا هاتووەتەپێش و ئەمە دەرفەتێکیشە، دەرفەتێکە بۆ چارەسەرکردنی زۆربەی کێشەکان. خۆشبەختانە پارتی و یەکێتی گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی باش کە پێکەوە و بە یەک بەرنامە و بەیەک شاند گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکەن، من لێرەوە داوا لە هەموو لایەنەکانی دیکەش دەکەم، کە هەموو پێکەوە بین، ئەمە پرسێکی نەتەوەیی و چارەنووسسازە بۆ هەموومان، حەقە دەست لە یەکترشکاندن و دژایەتی یەکدی هەڵگرین، هیچ سوودێکمان لەوە وەرنەگرتووە".
 



PM:09:39:16/08/2018