پەروەردەی سلێمانی ڕایگەیاند ئەو مامۆستایانەی کە پێشتر مۆڵەتی بێ موچەیان وەرگرتوەو مانگی تەمموزی ئەمساڵ مۆڵەتەکەیان ھەڵوەشاندۆتەوە، تا مووچەی مانگی تەمووز دابەش نەکرێت ئەو مامۆستایانە ھیچ موچەیەکیان پێنادرێت.
شێرکۆ سەعید بەڕێوەبەری ژمێریاری لەبەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی وتووە، "ئەو مامۆستایانەی مۆڵەتی بێ موچەیان لەمانگی تەمموزی ئەمساڵدا بەکۆتاھاتوەو پەیوەندییان کردۆتەوە بەئیدارەی خوێندنگەکان، بۆ ئەم مانگە کە موچەی پەروەردە دابەشکراوە ئەوان موچەیان پێنەدراوە".
ڕاشیگەیاندووە "تائەوکاتەی تەواوی وەزارەتەکان موچەی مانگی تەمموز وەردەگرن، ئەو مامۆستایانەی پەیوەندییان لەمانگی تەمموزدا کردوە، لەگەڵ موچەی مانگی تەمموزدا موچە وەردەگرن".
ڕوونیشی کردووەتەوە "ئەوکاتەی مامۆستایان پەیوەندیی دەکەن لەلایەن بەشی خۆیەتی پەروەردەکانەوە مامەڵەیان بۆ دەکرێت و دواتر ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری دەکرێت، ھەرکات لیستی موچەی مانگی تەمموز ئامادەکرا، ئەوانیش لیستیان بۆ ئامادەدەکرێت و موچەیان پێدەدرێت".
سەبارەت بەپێدانی مۆڵەتی دایکایەتیش وتوویەتی "ئەو مامۆستایانەی مۆڵەتی دایکایەتیان وەرگرتوە، تاوەکو شەش مانگ موچەی تەواو وەردەگرن و دوای شەش مانگەکەش موچەیان دەکرێتە نیوە".